بافڵ تاڵەبانی بە ناڕاستەوخۆ وەڵامی لاهور شێخ جەنگی دایەوە


بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەپەیامێكدا بۆ كۆچی دوایی باوكی نووسیویەتی "باوكی ئازیزم، پێنج ساڵی تەواوە لێرە نیت و دەمەوێت بە ئەوپەڕی راستگۆیی، دڵێكی پڕ لە هیوا و ویژدانێكی ئاسودەوە لەبارەی گۆڕانكارییەكانی ئەمدواییەی یەكێتی، كوردستان و عێراقەوە بۆت بنوسم".

بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەكردووە "دەتویست یەكێتی سەنگەرێك بێت بۆ بەرگری لە خاكی كوردستان و دۆزە رەواكانی گەلی كورد، وێستگەیەك بێت بۆ كۆكردنەوەی جیاوازییەكان و بونیادنانی كۆمەڵگەیەكی دیموكراسی و تەندروست، بەڵام بەداخەوە لەم دواییەدا كەسانێك رێگەكەیان ونكرد و چەپكەگوڵەكەیان بەرەو وشكبون دەبرد، ئاراممان گرت و پشومان درێژ، بەڵام لەكۆتاییدا بڕیارە دروست و مێژوییەكەماندا و یەكێتیمان بەرەو ڕێگە راستەقینەكە ئاڕاستەكرد".

هەروەها نووسیویەتی "دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ 60 ساڵ لەمەوبەر، ئەوكاتەی بە ورەیەكی پۆڵایین و هێزێكی لەبن نەهاتوەوە وەك رێبوارێكی رێگای ئازادی و شكۆمەندی، خەمی كورد و كوردستانت كردە كۆڵ و ژیانت كردە قوربانیی ئەو ئامانج و بەها پیرۆزانەی هەرگیز سازشت لێنەكرد، ئامانجێك كە خۆی لە بەدیهێنانی مافە رەواكانی گەلی كورد، دادپەروەری، دیموكراسی، تەبایی و پێكەوەژیاندا دەبینییەوە، دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش لەگەڵ هاوخەبات و هاوڕێكانتدا هەر لەو پێناوەدا بوو".


سەرۆكی یەكێتی دەڵێت "لای هەموان رون و ئاشكرایە پاراستنی یەكێتی ناو یەكێتی و دەستگرتن بە سیاسەتی چەپكەگوڵەكەوە خەمی گەورەی تۆ بو، دەتویست یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سەنگەرێك بێت بۆ بەرگری لە خاكی كوردستان و دۆزە رەواكانی گەلی كورد، وێستگەیەك بێت بۆ كۆكردنەوەی جیاوازییەكان و بونیادنانی كۆمەڵگەیەكی دیموكراسی و تەندروست".

بافڵ تاڵەبانی وتویەتی "بەڵام بەداخەوە لەم دواییەدا كەسانێك رێگەكەیان ونكرد و چەپكەگوڵەكەیان بەرەو وشكبون دەبرد، ئاراممان گرت و پشومان درێژ، بەڵام لەكۆتاییدا بڕیارە دروست و مێژوییەكەماندا و یەكێتیمان بەرەو ڕێگە راستەقینەكە ئاڕاستەكرد، بەڵێنمان بە رۆحی تۆ و خەڵكە دڵسۆزەكەماندا یەكێتییەكەت وەك چاومان بپارێزین، ژیانی حزبایەتیمان خستەوە سەر رێچكە تەندروستەكە و هەمو ئۆرگانەكانمان كردوەتە ناوەندێك بۆ خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان، ئەمەش هەر ئەوەبو كە تۆ دەتویست".


پێشتر لاهور شێخ جەنگی لەپەیامێكدا رایگەیاندبوو "كەسانێك لەناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان نەیانتوانی وەفاداری ئەو ڕێباز و ڕێگا ئاوەدانییە بن كە سەرۆك مام جەلال نەخشەی بۆ كێشا".  





PM:10:47:03/10/2022