تەرمی منداڵێک و دایکی لە ژێر باڵەخانە رووخاوەکەى بەغداد دەرهێنران

بەرگری شارستانی بەغداد ڕایدەگەیەنێت" تەرمی منداڵێک و دایکی لە ژێر داروبەردی باڵەخانەیەکی روخاودا لە گۆڕەپانی واسقی ناوچەی کەڕادەی بەغداد دەرهێنران". 

بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی بەغداد لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە" بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە تیمەكانمان توانیویانە تەرمی كچێك و دایكی لە ژێر داروپەردووی باڵەخانەی تاقیگەی نیشتمانی، لە ناحیەی كەرەدا لە ناوەڕاستی بەغداد دەربهێنن، دواتر تەرمەکانیان ره‌وانه‌ی پزیشكی دادی كراون". 

بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، کارەکان بەردەوامن بۆ گەڕان بە دوای قوربانیانی دیکەش لە ژێر ئەو باڵەخانە رووخاوەدا.

ڕۆژی شەممەی ڕابردوو عەمید جەودەت عەبدول ڕەحمان بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەرگری شارستانی بە میدیاکانی عێراقی ڕاگەیاند، (٧٥%)ی داروپەردووی باڵەخانەکە لابراون، (٢٥%)یشیان ماوەتەوە.

بەپێی هەواڵی میدیاکانی عێراق، لە کاتی ڕووخانی بیناکە نزیکەی (١٨) کەسی مەدەنی لەناو باڵەخانەکەدا بوون، دەستبەجێ (١٣) کەس ڕزگارکران، هەروەها بیناکە چوار نهۆم بووە و بە تەواوی ڕووخاوە.


AM:09:42:04/10/2022