"كه‌شوهه‌وا ناسه‌قامگیر ده‌بێت و كه‌شێكی سارد ڕوو له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی هه‌رێم ده‌كات"

شارەزایەكی بواری كەشناسی ڕایدەگەیەنێـت" لە ناوەراستی ھەفتەی داهاتوو كه‌شوهه‌وا ناسه‌قامگیر ده‌بێت و بارستە هەوایەکی سارد ڕوو له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی هه‌رێمی کوردستان ده‌كات". 

ئاراس جەبار شارەزای بواری كەشناسی ڕایگەیاند" لە ئەنجامی بەردەوامی كاریگەری بەرزەپاڵەپەستۆی ژێر گەرم و وشك لەسەر كەشی ناوچەكانمان، سبەینێ چوارشەممە تا ناوەراستی ھەفتەی ئایندە رێكەوتی ١٠-١٠-٢٠٢٢ كاریگەری گەرما لەسەر ناوچەكانمان زیاد ئەبێتەوە و بەرێژەی دوو پلەی سەدی پلەكانی گەرما لە سەرجەم ناوچەكان بەرزدەبێتەوە، بەگشتی ئاسمانی ناوچەكە لەم مەودایەدا بە زۆری ساماڵ و ھەندێك كات ھەورێكی كەمی بەرز دروست ئەبێت". 

ئەوەشی خستەڕوو، لە ناوەراستی ھەفتەی ئایندە بە دواوە لە ئەنجامی ھاتنە خوارەوەی بارستە ھەوایەكی سارد بۆ سەر حەوزی دەریای ناوەراست قۆناغێكی نوێ لە نزمبوونەوەی پلەكانی گەرما لە ناوچەكانی ھەرێمدا دەستپێدەكات بەرێژەی پێنج تا شەش پلەی سەدی پلەكانی گەرما لە سەرجەم ناوچەكاندا نزمدەبێتەوە، وە بەیەكجاری لە ناوچەكانی سنوری گەرمیاندا بۆ خوار چلەكان دادەبەزێت. 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە سەرەتای ھاتنی ئەم بارستە ھەوایە لە رۆژی یەكشەممەی داهاتوو كەشی ناوچەكە بۆ ماوەیەكی كورت ناسەقامگیر دەبێت، بەھۆی ھاتنی برێك شێ لە دەریای ناوەراستەوە ئاسمانی ھەرێم بە زۆری دەگۆرێت بۆ نیمچە ھەور و ھەوری تەواو لەگەڵ ئەگەری چالاكبوونی ھەورە تریشقە و بارانی ھەرەمەكی لە بەشێكی ناوچەكانی سنوری پارێزگای دھۆك و باكوری پارێزگای ھەولێر، ھەروەھا چالاكبوونی خێرایی با و خۆڵبارینیش لە ئارادا ئەبێت.


AM:11:30:04/10/2022