پەرلەمانتارێكی پێشوو وردەکاری گەندەڵی ٣ ترلیۆنەكە بڵاودەكاتەوە


ئەحمەد حاجی رەشید، پەرلەمانتاری پێشووی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق وردەكاری گەندەڵی نەمانی سێ ترلیۆن دینارەكە بڵاودەكاتەوە و دەڵێت "پێنج كۆمپانیای وەهمی بڕی زیاتر لە سێ، ترلێۆن و 700  ملیار دینار دەدزن لە ڕاسپاردەی دەستەی باجی فیدڕاڵ".

ئەحمەد حاجی رەشید، پەرلەمانتاری پێشووی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە "چیرۆكی ئەم دزییە كە بە دزی سەدە ناوزەدكرا دەگەڕێتەوە بۆ كابینەی د.حەیدەر عەبادی كە نوسینگەكەی لەبەرواری ٢٠١٧/٢/٢٦  نامەیەك ئاڕاستەی دەستەی باج و دیوانی چاودێری دارایی دەكات كە دیوان هەستێت بە وردبینی لە هەموو ئەو ڕاسپاردانەی كە وەرگیراون لە كۆمپانیا نەوتیەكان و كۆمپانیاكانی بازرگانی و وەبەرهێنان كە بڕەكەی ٥٪ هەموو گرێبەستێكە لە حسابێكدا دادەنرێت لە بانكی ڕافیدەین تا ئەو كاتەی كە ئەو كۆمپانیایانە پاكتاوی باج و غەرامە تەواو دەكەن و ئەستۆپاكی خۆیان وەردەگرن".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "ئەگەر لەماوەی پێنج ساڵدا ئەو كۆمپانیایانە مامەڵەی وەرگرتنەوەیان نەكرد ئەوا نەختینەكانیان دەچێت بۆ خەزینەی دەوڵەت و دەبێت بە داهات مەگەر بەهانەیەكی باوەڕپێكراو نیشان بدەن لەماوەی پێنج ساڵی دیكەدا ئەگینا بەیەكجاری دەچێتە خەزێنەی دەوڵەتەوە".

هەروەها دەڵێت "پاش ئەوەی هەندێ كەسی دەستڕۆشتوو سەر بە هێزە سیاسیەكان  هەست دەكەن كە مەجال هەیە ئەم پارانە بەدەست بهێنن هەڵدەسن بە دامەزراندنی پێنج كۆمپانیای وەهمی و دەست دەكەن بە وەرگرتنی ئەو ڕاسپاردانە كە لەڕاستیدا پارەی ئەو كۆمپانیایانەیەی كە كاریان جێبەجێكردوە و بابەتەكەش لە لێژنەی دارایی خولی پێشوە دەست پێدەكات ئەو كاتەی كە خولی پەرلەمان نزیكە لە كۆتایی هاتن و لێژنەكەش دەوامی نەماوە و هیچ كۆبونەوەیەكیشی نەكردوە، سەرۆكی لێژنە دارایی لە ٢٠٢١/٧/١٣ نامەیەك ئاڕاستەی دەستەی باجی فیدڕاڵی دەكات كە لەبەر ئاڵۆزی مامەڵەكانی وردبینی  پێشنیاری لادانی دیوانی چاودێری دەكات لەوردبینیەكەو دەستەی باجیش دوای (١٣) رۆژ واتە لە ٢٠٢١/٨/١ نامەكە ئاڕاستەی  نوسینگەی وەزیری دارایی دەكات و وەزیری دارایش نامەكە ئاڕاستەی نوسینگەی سەرۆك وەزیران دەكرێت لەهەمان ڕۆژدا واتە لە ٢٠٢١/٨/١ نوسینگەی سەرۆك وەزیران موافەقەت دەكات لەسەر پێشنیارەكەی لادانی دیوان".

ئەحمەد حاجی رەشید وتویەتی "لە بەرواری ٢٠٢١/٨/٣ واتە سێ ڕۆژ دوای رەزامەندی سەرۆك وەزیران، سەرۆكی لێژنەی دارایی نامەیەك ئاڕاستەی دەستەی باج دەكات كە دەست بكەن بە رایكردنی مامەڵەكان و لەماوەی چەند مانگێكدا پێنج كۆمپانیا بەناوەكانی (شركە الحوت الاحدب، شركە ریاح بغداد، شركە القانت، شركە المبدعون، شركە بادیە المسا‌و) لەماوەی (١١) مانگدا واتە لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢١ وە بۆ مانگی ئابی ٢٠٢٢ بە (٢٤٧) چەكی بانكی لەدوو لقی بانكی رافیدەین بری سێ ترلیۆن و 701 ملیارو 380  ملیۆن و 882 هەزار دینار سەحب دەكەن، وا دیارە هەموو پارەكەشیان بە كاش وەرگرتوەو گومان هەیە كە براوەتە دەرەوەی وڵات، چونكە لەو مێژوەدا بری خستنەبازاری دۆلار زۆر زیادی كردبوو".

ناوبراو روونیكردۆتەوە "بۆ زانیاریش یەكێك لەكۆمپانیاكان ناوەكەی كوردیەو خاوەنەكەی تەنها (٢١) ساڵ تەمەنیەتی و جنسیەكەی لە هەولێر دەركراوە و دوو كۆمپانیایان هەمان پاریزەریان هەیە".



AM:12:10:19/10/2022