سودانی بڕیاریداوە 200 ملیار دینارەكە بۆ هەرێم بنێرێت


سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە دەست بە ناردنەوەی 200 ملیار دینارەكە بۆ هەرێمی كوردستان بكرێتەوە. 
 
بەپێی زانیارییەكانی (روداو)، لە كۆبوونەوەی رۆژی دووشەممەی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی بە بەڕێوەبەرەكانی وەزارەتی راگەیاندووە كە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بڕیاریداوە لە ساڵی داهاتووەوە دەست بە ناردنی 200 ملیار دینارەكە بۆ هەرێمی كوردستان بكرێتەوە.
 
لەو بارەیەوە نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە (رووداو)ی راگەیاندووە، رێككەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر بودجە و كۆی پرسەكانی دیكە لە كارنامەكەی سوودانیدا هاتووە و رێككەوتنی لەسەر كراوە، بەتایبەت بڕگەكانی 20 و 23ی كارنامەكە.
 
لەبارەی ناردنی 200 ملیار دیناری مانگانە لە بەغداوە بۆ هەولێر بۆ مووچەی فەرمانبەران، نەرمین مەعروف ئاماژەی بەوەكردوە "ئێمە ئاگادارنین لە ناردنی 200 ملیارەكە، دەكرێ هەولێر و بەغدا لەسەری رێككەوتبن، بەڵام هەندێ سەرچاوە بە ئێمەی راگەیاندووە ئەگەری ئەوە هەیە پێش سەری ساڵیش پارەكە بنێرێت".
 



PM:06:58:15/11/2022