وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، تا ئێستا هیچ پەیوەندییەكی نوێ لە نێوان وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان و كابینەی نوێی حكومەتی عێراقدا نییە و نەبوە، بۆیە هەواڵی بەشێك لە دەزگاكانی راگەیاندن لەبارەی "ناردنی 200 ملیار دینارەكە هەواڵی ناڕاستە و وەزیری دارایی لێی بێبەرییە".
وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستان لە رونكردنەوەیەكدا رایگەیاندووە "چەند دەزگایەكی راگەیاندن هەواڵێكیان بڵاوكردوەتەوە كە گوایە ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری لە كۆبونەوەی رۆژی دوشەممە دا بەبەڕێوبەرانی وەزارەتی دارایی وتوە كە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە لە ساڵی داهاتوەوە دەست بە ناردنەوەی 200 ملیار دیناری بەشە بودجەی كوردستان بكاتەوە".
هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە بۆ هەموو هاوڵاتیانی كوردستانی روندەكەنەوە كە "تا ئێستا هیچ پەیوەندییەكی نوێ لە نێوان وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان و كابینەی نوێی حكومەتی عێراقدا نییە و نەبوە، هەروەها لە رۆژی دوشەممە هیچ كۆبونەوەیەكی فەرمی لەگەڵ بەڕێوەبەرانی وەزارەت نەكراوە."