پەرلەمانی كوردستان بڕیارێكی نوێ بۆ ئەندامانی دەردەكات


بڕیارە رۆژی سێشەممە پەرلەمانی (ماوەبەسەرچوو)ى كوردستان بۆ دەنگدان لەسەر چەند پێشنیاز و پڕۆژەیاسایەك كۆببێتەوە و بەرپرسێكی پەرلەمانیش رایدەگەیەنێت "هەر ئەندامێكی پەرلەمان ئامادەی دانیشتنەكە نەبێت بە نەهاتوو هەژمار دەكرێت."
 
سامان ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان  رایگەیاندووە، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان (ماوەبەسەرچوو) بانگهێشتی گشت ئەندامانی‌ پەرلەمانی كردووە بۆ ئەوەی لە دانیشتنی ژمارە (14)ی ئاسایی خولی پاییزەی ساڵی چوارەم لە خولی هەڵبژاردنی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە كاژێر 11ی رۆژی سێشەممە 29ی ئەم مانگە ئامادەبن. 
 
ناوبراو وتویەتی "بەگوێرەی مادەكانی 22 و 23ی پەیڕەوی پەرلەمانی كوردستان، هەر پەرلەمانتارێك ئامادەی دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستان نەبێت بە نەهاتوو هەژماردەكرێت."
 
بەپێی كارنامەی كۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی پەرلەمان ئەم تەوەرانە لەخۆدەگرێت، دەنگدان لەسەر ئەم پێشنیاز و پڕۆژەیاسایانە (پاراستنی ئاژەڵان لە هەرێمی كوردستان – عێراق، پێشنیازەیاسای (بەركاركردنی یاسای فیدراڵیی واژۆی ئەلیكترۆنی و مامەڵە ئەلیكترۆنییەكان ژمارە 78ی ساڵی 2012، پڕۆژەیاسای (هەمواری پیادەكردنی یاسای بەڕێوەبردنی ئەوقاف، ژمارە 64ی ساڵی 1966ی هەمواركراو لە هەرێمی كوردستان – عێراق، پڕۆژەیاسای (هەمواری یەكەمی یاسای ئەنجوومەنی شورای هەرێمی كوردستان - عێراق ژمارە 14ی ساڵی 2008، هەروەها خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای (كار لە هەرێمی كوردستان)، بەپێی حوكمی مادەكانی (87، 88، 89، 97) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان.

رۆژی 6ی ئەم مانگە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی هات، بۆیە ژمارەیەك پەرلەمانتاری لە فراكسیۆنە جیاوازەكان بەتایبەتیش ئۆپۆزسیۆن بەشداری دانیشتنەكان ناكەن.



PM:08:14:27/11/2022