وادەی هاتنی شه‌پۆلێكی به‌فر و بارانبارینی بە لێزمە لە ناوچه‌كانی هه‌رێم ڕاگەیەندرا

کەشناسی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" سبه‌ینێ ئێواره‌وه‌ شه‌پۆلێكی بارانبارین ناوچه‌ سنورییەکانی هەرێم ده‌گرێته‌وه‌ و به‌فریش له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كان دەستپێدەکاتەوە". 

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەی هەرێمی کوردستان لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە" لەئەنجامی کاریگەری هەردوو نزمە پەستانی دەریای سوور و ناوەراست، شەپۆلێکی دابارین تەواوی  ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە سەرەتا رۆژی سێشەممە لە کاتەکانی ئێوارە لە ناوچەکانی رۆژئاوای هەرێم دابارین بەشێوەی تاوەباران و بروسکە دەست پێ دەکات، پاشان نمە باران زۆربەی ناوچە شاخاوییەکان دەگرێتەوە". 

لەبارەی ڕەوشی کەشوهەوای ڕۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە کەشناسی دەڵێت" کاریگەری شەپۆلەکە زیاتر دەبێت بەجۆریک سەرتاسەری ناوچەکان دەگرێتەوە، دابارین بەشێوەی نمە بارانی بەردەوام دەبێت وە بەفر لە ناوچە شاخاوییەکان بە تایبەتی ناوچە سنورییەکان دەبارێت و لە ناوچەکانی باشووری هەرێم و سەنتەری شاری هەولێر ئەگەری لێزمە باران و بروسکە هەیە". 

سەبارەت بە پێشبینییەکانی بڕی باران بارین و پلەکانی گەرما کەشناسی هەرێم ئاماژە بەوە دەکات، ڕێژەی باران زیاتر کاریگەری لە ناوچەکانی بادینان دەبێت، هاوکات پلەکانی گەرماش بۆ رۆژی چوارشەممە (٤-٥) پلە دادەبەزێت، هەروەها خێرای با چالاک دەبێت بۆ ٤٠ کم بە ئاراستەی باشووری خۆرهەڵات و لە رۆژی پێنج شەممەش کۆتایی بە شەپۆلی باران بارین دێت. 


PM:12:28:28/11/2022