سێ هاوڵاتی دیكه‌ی خۆپیشاندانه‌كانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گیانیان له‌ده‌ستدا

پاش برینداربوونیان لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سێ هاوڵاتی دیکە بەهۆی سەختی برینەکەیانەوە گیانیان لەدەستدا.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگەیاند" عیرفان خەزای تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی شاری کەنگەڤەر، ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو لە خۆپیشاندانی خەڵکی شاری شاریاری تاران بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژرا". 

بە وتەی کەسێکی نزیک لە بنەماڵەکەی" عیرفان خەزای پاش ئەوەی کە هێزە ئەمنییەکان بە چەک تەقەیان لێکردوە و گولـلە بەر سەری کەوتووە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە". 

لای خۆشییەوە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوەکرد، شۆڕش نیکنامی تەمەن ٣٣ ساڵ کە لە خۆپیشاندانەکانی ١٧ی تشرینی دووەمی مەهاباد برینداربووبوو، ئەمڕۆ بەهۆی سەختی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانەی سەیدولشوهەدای ورمێ گیانی لەدەستدا. 

دەشڵێت" رەزا کازمی  تەمەن ١٦ ساڵ کە لە ٢٢ی تشرینی دووەم بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان بریندار بووبوو، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانەی کەوسەری سنە گیانی لەدەستدا".


PM:01:10:28/11/2022