ڤیدیۆ.. سەنا بەرزنجی گۆرانی یەکێک لە شەهیدەکانی خۆپیشاندانەکانی ئێران دەڵێتەوە


گۆرانیبێژی لاوی ناسراوی کوردستان، سەنا بەرزنجی کە هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بە هونەرەکەی پشتیگیریان دەکات، لە نوێترین بەرهەمیدا گۆرانییەکی " شەهید شەماڵ خەدریری" دەڵێتەوە، کە یەکێکە لە شەهیدەکانی هەفتەی رابردووی خۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان.

سەنا بەرزنجی گۆرانییەکەی لە هەژماری تایبەتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام بڵاوکردۆتەوە، کە شەهید شەماڵ خەدیری وتوویەتی لە بۆنەیەکی پێش شەهیدبوونیدا. گۆرانییەکەی شەهید شەماڵ لە بنچینەدا گۆرانی و ئاوازی عەلی مەردانە بەناونیشانی " ئەو پەرچەم و ئەگریجەهەمووی دوژمنی دینە".  

سەنا لەگەڵ بڵاوکردنەوەی گۆرانییەکەی خۆی نووسیوویەتی " بەیادی شەهید شەماڵ خەدیری".

کچە گۆرانیبێژی لاو، سەنا بەرزنجی کە لە ماوەیەکی کەمدا ناوبانگێکی زۆری بۆ خۆی پەیداکردووە، سەرەتای کاری هونەری بە لاسیکردنەوەی هونەرمەندانی بەناوبانگ دەستیپێکردووە، دواتر بە یارمەتی نەوید زەردی هونەرمەندی لاو رێچکەی خۆی کردۆتەوەو چەند گۆرانییەکی تۆمار کردووە کە بۆتە مایەی سەرنجی بینەرانی، ئێستاش خۆی درێژەی بەم کاروانە داوە.

سەنا بەرزنجی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانەو ئێستا لە دەرەوەی وڵات دەژی و ناوبەناو سەردانی کوردستان دەکاتەوە.

سەنا لە دایکبووی ساڵی (٢٠٠١)ی رۆژهەڵاتی کوردستانە، سەرەتا بە وتنەوە و کەڤەرکردنی گۆرانی فۆلکلۆری کوردی دەستیپێکرد و توانی هەوادارێکی زۆر بۆ خۆی رابکێشێت، یەکەمین ئەلبومی بەناوی (راز) بڵاوکردەوەو دوای ئەو دەیان گۆرانی تری تۆمار کردووە.




PM:10:37:28/11/2022