لە هەرێمی کوردستان ٥٤ حاڵەتی ئایدز تۆمارکراوە

وەزیری تەندروستی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" لە ماوەی ئەمساڵدا دەیان حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشی ئایدز تۆمارکراوە". 

سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" لە ماوەی (١١) مانگی ئەمساڵدا زیاتر لە (٥٣٨) هەزار پشکنینی ئایدز لە هەرێمی کوردستان کراوە". 

وتیشی" لەو ئامارانەی ئەو پشکنینانەی وەزارەت ئەنجامیانداوە، (٥٤) حاڵەتی پشتڕاستکراوی تووشبوون بە ئایدز دەستنیشانکراون، لە نێویاندا (٤٠) حاڵەتی بیانی بوون". 

جەختیشیکردەوە، ئەم نەخۆشییە کێشەیەکی جیهانییە، و هەموو وڵاتانی جیهان یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار حاڵەت تەنها لە ماوەی ئەمساڵدا تۆمارکراوە، بەگشتی تا ئێستا ٤٠ ملیۆن حاڵەت لە سەرانسەری جیهاندا وەکو هەڵگری ڤایرۆسی ئایدز هەن و چارەسەر وەردەگرن.


PM:12:46:01/12/2022