بەیانی ئەمڕۆ دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی نەوت بە هەردوو جۆرەکەیەوە له بازاڕهكانی جیهاندا بەرزبووەوە، کە بەهای هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت لە سەروو (٨٧) دۆلارەوە مامەڵەی پێوەدەکرێت.
لە ئێستادا نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت گەیشتە ٨٧ دۆلار و ٥ سەنت بۆ هەر بەرمیلێک، بەڵام لە کاتی داخستنی بازاڕدا بە ٨٦ دۆلار و ٨٨ سەنت لە بازاڕەکانی جیهاندا مامەڵەی پێوەدەکرا.
هاوکات نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی ڕۆژئاوای تەکساسی ئەمریکاش ٨١ دۆلار و ٢٥ سەنتی تۆمار کرد، لە کاتێکدا لە کاتی داخستنی بازاڕدا بە ٨١ دۆلار و ٢٢ سەنت بوو.
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا نرخی نەوت دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، لەگەڵ سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی لە چین دژی توندکردنەوەی ڕێوشوێنەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی شەپۆلی فرۆشتنی قورس لە بازاڕەکانی کاڵا و بۆرسە، هەروەها کەمبوونەوەی خواست لەسەر نەوت لە گەورەترین بەکاربەر لە جیهاندا.
بڕیاره ئۆپێكیش ڕۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو كۆببێتهوه و لهبارهی بازاڕی نهوت بڕیاری نوێ دهربكات، دوای ئەوەی لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا ڕێکخراوەکە ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر کەمکردنەوەی ئامانجی بەرهەمهێنانی دوو ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا تا ساڵی ٢٠٢٣.