پۆلیسی ئەخلاق لەسەردەمی خاتەمی و نەژادا دەستی بەکار کرد، ئەمڕۆ هەڵوەشێنرایەوە


پۆلیسی ئەخلاق کە بەرپرسە لە ئازار و ئەشکەنجەدان و کوشتنی ژنان لە ئێراندا ئەمڕۆ بەپێی راگەیاندنێکی، محەمەد جەعفەر مونتەزیری، داواکاری گشتیی ئێران،  هەڵوەشێنرایەوە.

محەمەد جەعفەر مونتەزیری، داواکاری گشتی ئێران،  لەگەڵ راگەیاندنی هەڵوەشانەوەی ئەو دەزگا مەترسیدارەدا وتی "پۆلیسی ئەخلاق پەیوەندیی بە دەسەڵاتی داوەرییەوە نییە و هەر لەو شوێنەوە کە دامەزرابوو، داخرا".

پۆلیسی ئەخلاق لە سەردەمی سەرۆکی ریفۆرمخوازی ئێران محەمەد خاتەمی دەستی بەکار کرد و لە سەردەمی ئەحمەدی نەژاد و حەسەن رۆحانی و ئەم ماوەیەی ئیبراهیم رەئیسیش بەردەوام بوو، بەڵام دوای دوو مانگ لە خۆپیشاندان و نزیکەی کوژرانی ٤٥٠ هاوڵاتی و برینداربوونی هەزارانی تر و دەستگیرکردنی دەیان هەزار هاوڵاتی، ئەو دەزگایە هەڵوەشێنرایەوە، بەڵام تا ئێستا حکومەتی تاران بە شێوەی فەرمی هەڵوەشاندنەوەی پۆلیسی ئاسایشی رەوشتی پشتڕاست نەکردووەتەوە.

سەرباری بڕیاری هەڵوەشانەوەی ئەو بڕیارە، محەمەد جەعفەر مونتەزیری، داواکاری گشتی ئێران جەخت لەوە دەکاتەوە کە ڕووبەڕووی دیاردەی "پێشێلکردنی باڵاپۆشی" دەبنەوە و دەڵێت "بە خێرایی کار لەسەر بابەتی پێشێلکردنی باڵاپۆشی دەکەین، هەموو هەوڵمان بۆ ئەوەیە کە ڕێگەچارەیەکی گونجاو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردە بدۆزینەوە".

(پۆلیسی ئەخلاق)، دامەزراوەیەکی ئەمنی ئێرانە کە ئەرکی سەرەکیی چاودێریکردنی ئەخلاقی کۆمەڵگایە وڕووبەڕووی ئەو کەسانە دەبێتەوە کە مەرجەکاجی باڵاپۆشی لە شوێنە گشتییەکانی ئێران لەبەرچاو ناگرن.

گیان لەدەستدانی کچێکی کورد بە ناوی ژینا ئەمینی لە پاش دەستبەسەرکردنی لە لایەن پۆلیسی ئاسایشی رەوشتی تارانەوە، بوو بە هۆی دەستپێکردنی شەپۆلێکی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکی زۆر لە سەرانسەری ئێران کە زیاتر لە یانزە هەفتەیە بەردەوامە.



PM:10:22:04/12/2022