ریاڵ مەدرید ڤینسیۆسی نوێی گواستەوە

بەگوێرەی فابریزیۆ ڕۆمانۆ، ڕۆژنامەنوسی پسپۆڕ لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان، یانەی ڕیال مەدرید ڕێککەوتنی زارەکیی خۆی تەواوکردووە بۆ گواستنەوەی ئەندریک فیلیپی بەڕازیلی یاریزانی پاڵمێراس.

  ڕۆمانۆ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردووەتەوە کە ڕیاڵ مەدرید بڕی 60 ملیۆن یۆرۆ دەداتە پاڵمێراس کە بەهای بڕگەی هەڵوەشانەوەی یاریزانەکە دەبێت، جگە لە 12 ملیۆن یۆرۆ وەک باج.

 ئەندریک لە هاوینی 2024 لە پاڵمیراسەوە پەیوەندی بە یانەی ڕیال مەدریدەوە دەکات، واتە دوای گەیشتن بە تەمەنی 18 ساڵی، کە ئەو تەمەنە یاساییە کە بەپێی یاساکانی فیفا ڕێگە بە یاریزانەکە دەدات لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر بگوازێتەوە.

 ڕیال مەدرید لە کێبڕکێی گواستنەوەی ئەو یاریزانە پێش پاریس سانجێرمان کەوت.

 یاریزانە بەڕازیلییەکە چەند مانگێک لەمەوبەر یەکەم گرێبەستی پیشەگەرانەی لەگەڵ پاڵمێراس واژۆکردبوو، دوای ئەوەی تەمەنی گەیشتە 16 ساڵ و تا مانگی حوزەیرانی ساڵی 2025 درێژدەبێتەوە.

 ئەندرێک لە وەرزی ئێستادا لەگەڵ پاڵمێراس لە 14 یاریدا بەشداری کرد، لەو ماوەیەدا توانی 9 گۆڵ تۆمار بکات و گۆڵێکی دیکەشی دروست کرد.

 یاریزانە تەمەن 16 ساڵەکە خاوەنی ژمارەیەکی پێوانەییە وەک بچووکترین یاریزان لە مێژووی پاڵمێراسدا کە گۆڵ تۆمار بکات.

  لە ئەگەری ئەوەی پەیوەندی بە ڕیال مەدریدەوە بکات، ئەندریکی پەیوەندی بە چوار یاریزانە بەڕازیلییەکەی ڕیال مەدریدەوە دەکات، ڤینیسیۆس جونیۆر و ڕۆدریگۆ خۆسێ و ئیدەر میلیتاو، جگە لە ڤینیسیۆس تۆبیاس کە لەگەڵ تیپی دووەم یاری دەکات.


PM:08:23:08/12/2022