چیرۆکی دەستدرێژیکردنە سەر مناڵێکی کچ لە هەولێر

پسپۆرێکی پزیشکی دادی لە شاری هەولێر چیرۆکی دەستدرێژیی سێکسی کردنە سەر مناڵێک ئاشکرا دەکات.

دکتۆرە دیلمان ئازاد، پزیشکی پسپۆری دادی رۆژی هەینی، ٢٠ ی کانوونی دووەمی٢٠٢٣، لە بڵاوکراوەیەکەدا بە ناونیشانی "دایکی بۆ شت کڕین ناردییە مارکێت، بەڵام دەستدرێژیی سێکسی کرایە سەر" لە پەیجی خۆی لە فەیسبووک چیرۆکی منداڵێک دەگێڕێتەوە کە لەلایەن کەسێکەوە هەڵخەڵەتێندراوە و لە باڵەخانەیەکی تەواونەکراودا دەستدرێژیی سێکسی کراوەتەسەر.
 
دیلمان ئازاد کە لە شاری هەولێر دەژی ناو و تەمەنی مناڵە کچەکەی بە نهێنی هێشتۆتەوە نووسیوویەتی "بە پەشۆکاوییەکی زۆرەوە هاتە راوێژکاریی ئێواران. لەسەر و شێوەیەوە دیار بوو کە بە تەواوی شۆک بووە؛ دەزانێت ئەو کارەساتەی کە بەسەر کچەکەیدا هاتووە لە داهاتوودا دەبێت باجێکی قورس بدات. ئەو دایکێک بوو و کچێکی بچووکی لەگەڵدا بوو؛ بەر لە سڵاوکردن هاواری بۆ ئەوە دەکرد ماڵی وێران بووە و فریای بکەوم".

لە درێژەی گێڕانەوەکەیدا، ئەو دکتۆرە دەڵێت" هەر چۆنێک بوو کەمێک ئارامم کردەوە و پێم گوت چی روویداوە؟ گوتی دکتۆر پشکنینێکم پێویستە، بەڵام تکایە پێم مەڵێ بڕۆ بۆ پزیشکی دادوەری، چونکە بابەتەکانت دەخوێنمەوە و بەردەوام لەو جۆرە رووداوانەدا رێنوێنی خەڵک دەکەیت، بچنە لای پزیشکی دادوەری، بەڵام من نامەوێت کێشەی گەورەتر بۆ خۆم و کچەکەشم دروستبکەم".
 
ئەو پزیشکەی دادپزیشکی ئاماژەی بەوەکردووە کە قوربانییەکە "زۆر منداڵ" بووە و دایکی وتوویەتی: "وەک هەموو جارێک کچەکەمم ناردە دووکانێک کە زۆر دوور نەبوو لە ماڵەوەمان. هەندێک کەلوپەلم پێویست بوو کە بۆم بکڕێت. ئەمجارەیان زۆر دواکەوت و هەر نەهاتەوە. دوای دواکەوتنێکی زۆر کچەکەم بە گریانەوە هاتەوە و گوتی دایە پیاوێکی بە تەمەن، ئۆتۆمبێلەکەی راگرت و پێی گوتم دایکت ئیشی پێتە وەرە با بتبەمەوە ماڵەوە و منیش کە وتی دایکت کاری پێتە خێرا لەگەڵی سەرکەوتم، بەڵام لە رێگە باڵەخانەیەکی تەواونەکراو هەیە کە شوێنەکەی چۆڵە. لەو باڵەخانەیە منی هێنایە خوارەوە و منی رووتکردەوە و پەنجەی خستە جەستەم و خوێنم لێهات. دوای ئەوە منی بردەوە ناو ئۆتۆمبێلەکەی و پێی گوتم بە دایکت بڵێ بزانە چی دەکەم و چیتان بەسەر دەهێنم".
 
 دکتۆرە دیلمان ئازاد، دەڵێت "منداڵەکە نەیتوانیوە هاوار بکات بۆ ئەوەی کەسێک بەهانایەوە بچێت، چونکە کەسی تۆمەتبار دەستی لەسەر دەمی داناوە".
 
رێنومایی ئەم پزیشکی دادییە ئەوە بووە کە بە دایکی منداڵەکەی وتووە، دەبێت زوو منداڵەکە ببردرێتە دادپزیشکی و راپۆرتی بۆ بکرێت و پۆلیس ئاگادار بکرێتەوە، دواتریش پزیشکی دەروونی منداڵەکە ببینێت.
 
ئەو پزیشکە داوا دەکات، دایکان و باوکان منداڵەکانیان پەروەردە بکەن کە لەگەڵ کەسانی بێگانەدا نەچنە نێو ئۆتۆمبێلەوە و هیچیشیان لێ وەرنەگرن.
 
دیلمان ئازاد دەشڵێت" بەگوێرەی ئەزموونی خۆی کە بەردەوام مامەڵە لەگەڵ ئەو رووداوانەدا دەکات، ئەو منداڵانەی دەستدرێژیی سێکسی دەکرێتە سەریان کۆمەڵێک کاریگەریی نەرێنییان لەسەر دەردەکەوێت کە بریتین لەمانەی خوارەوە:
 
- ترس لە هەموو شتێک لە دەوروبەریان.
- ئازاردانی خۆیان، بەتایبەت بیری خۆکوشتنیان دەبێت.
- تووشی دڵەڕاوکێ دەبن و لە خواردندا کێشەیان بۆ دروست دەبێت؛ هەست بە شەرم و تاوان دەکات.
- دواکەوتنی گەشەی دەماخ بەراورد بە تەمەنی خۆیان.
- تووشی جۆرەها نەخۆشیی گوێزراوە دەبن، ئەگەر هەرزەکار بن لەوانەیە تووشی دووگیانی بن.
- زۆربەی توێژینەوەکان دەریدەخەن ئەوانەی تووشی دەستدرێژیی سێکسی دەبن لە کۆتاییدا ئازاری منداڵانی دیکە دەدەن.
- باوەڕ بە کەس ناکەن؛ لە ژیانیاندا کێشەی کۆمەڵایەتییان بۆ دروست دەبێت.
- تووشی خەمۆکی دەبن یان جۆرە کێشەیەکی دەروونی پیی دەڵێن post traumatic stress disorder.
 



PM:11:31:20/01/2023