لەوەرزی زستاندا کاتێک پلەی گەرما بۆ خوار سفر دادەبەزێت، ئەگەری نەخۆشی سەرمابردن و تەزین رەقبونەوە دروستدەبێت، لەم نەخۆشییەدا سەرەتا بەشە دەرکەوتوەکانی لەشی مرۆڤ وەک پەنجەی دەست و قاچ لوت و گوێچکە، دەیبەستیت و چیتر خوێن پیایدا هاتوچۆ ناکا.
نەخۆشەکە هەست بە مێرولەکردن و سڕبوون دەکات، دواتر رەنگی پێستی سوردەبێتەوە و هەڵدەئاوسێت،ئەگەر فریای خۆی نەکەوێت، رەنگی شین و رەش دەبێتەوە و ئاوسانەکەی زیاتر دەبێت و هەست بە ئازار دەکات.
ئەم جۆرە نەخۆشییە زیاتر لەوکەسانەدا دەردەکەویت کە لە کاتی سەرمادا لە دەرەوەی ماڵەوەن، وەک سەرباز و شاخەوان و کەسانی بێ ماڵ و حاڵ و سەرخۆش و پیر.
ئەگەر بەرکەوتوەکە زوو فریای خۆی نەکەوێت، نەخۆشیەکەی توندتر دەبێت و مەترسی لەسەر ژیانی دروستدەکات.گرنگترین ماکی ئەم نەخۆشییە دابەزینی پلەی گەرمی جەستەی نەخۆشەکە و رەقبونەوەیە ( hypothermia ) وە هەڵئاوسانی بەشەبەرکەوتوەکەی جەستەیەتی( compartment syndrom) .
خۆپاراستن
لە زستاندا جل وبەرگی گەرم لەبەربکەیت.
ئەگەر لە زستاندا چوویتە دەرەوەی ماڵ دەبی خواردن و شلەمەنی باش بخۆیت.
لە شوێنی کاردا بجوڵێیت و نەوەستیت.
ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە یان جگەرەکێشن، نابێت خۆیان بەرسەرما بدەن.
چارسەری نەخۆشییەکە
بە گەرمکردنەوەی سەرتاپای جەستەی نەخۆشەکە دەستپیدەکات،
داپۆشینی بە بەتانی و لێفە.
پیدانی شلەمەنی گەرم.
ناردنی بۆ نەخۆشخانە بۆ ئەوەی چارەسەری نەخۆشییەکەی تەواوبکات.
دکتۆر فایەق محمد
پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی و کۆئەندامی ھەرس