یەكێتی باسی قۆناغی داهاتووی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ پارتی دەكات


یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، كۆبوونەوەی شاندی پارتی   لەگەڵ یەكێتی سەرەتایەك بوو بۆ زنجیرە كۆبوونەوەیەكی گرنگ، ئێستا لەسەر مێزی كۆبوونەوە گفتوگۆی كێشەكان دەكەن. 
 
سۆران جەمال تاهیر، وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، كۆبوونەوەی شاندی پارتی و یەكێتی سەرەتایەك بوو بۆ زنجیرە كۆبوونەوەیەكی گرنگ، ئەو پەیامانەی لەرێگەی راگەیاندنەكانەوە بەیەك دەدرا، ئێستا لەسەر مێزی كۆبوونەوە گفتوگۆی لەبارەوە دەكەن.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "چەندین كۆبوونەی دیكە دەكرێت لەبارەی ئابووری و دارایی، هەڵبژاردن، بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی وڵات و ئەو نایەكسانییانەی لە زۆربەی شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان هەن." 
 
وتەبێژی یەكێتی روونیكردۆتەوە، گرنگی كۆبوونەوەكەی شاندی پارتی و یەكێتی، خستنەرووی بیر و باوەڕ و گلەییەكانی هەردوولا بوو، ئومێد دەكەن وردە وردە كێشەكان چارەسەر بكەن. 
 
سۆران جەمال تاهیر وتویەتی "ئێمە لەگەڵ لایەنەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان داوای هەمواری یاسای هەڵبژاردن دەكەین كە یاسای هەڵبژاردن بە زووترین كات هەموار كرایەوە، بنەماكانی دیكەی هەڵبژاردن كە خۆی لە سەقامگیری ئابووری و ئەمنی بینییەوە، ئەوكاتە دەبێتە بنەمای هەڵبژاردنێكی تەندروست لە هەرێمی كوردستان". 




PM:09:31:29/01/2023