" ئەوەی دەربارەی جێندەر لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیەوە دەرچوو، تەنها نوسراوێکەو بڕیار نییە "


 نوسراوێک بە واژووی جێگری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بەرزان محەمەد لەسەر پرسی ( جێندەر ) کە ناردووویەتی بۆ فەرمانگەکانی پارێزگای سلێمانی لە میدیاکان بڵاوکرایەوە، ئەم نوسراوە هێندەی تر کێشەکانی نێوان رێکخراوەکانی ژنان و لایەن و فیگەرە ئیسلامییەکانی نێو کۆمەڵگای کوردی توندتر دەکاتەوە، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگاش دەڵێت" ئەوە تەنها نوسراوێکەو بڕیار نییە".

ماوەیەکە مشتومڕێکی توند لەنێوان چالاکوانانی کۆمەڵگای مەدەنی و رێکخراوەکانی ژنان لە بەرەیەک و لە بەرەکەی تریش لایەن و فیگەرە ئیسلامییەکان لە سنوری پارێزگای سلێمانی و پارێزگاکانی تری هەرێم لە ئارادایە، ئەم مشتومڕە زۆرجار گواستراوەتەوە بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەڵمەت دژی ئەو کەسایەتی و رێکخراوانە ئەنجامدراوە کە کە کار لەسەر ( جێندەر ) دەکەن، نوێترین بزماری ئەم ناکۆکیانەش جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دایکوتی کە رۆژی ٢٩ ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ دژی ( جێندەر ) نامەیەک ئاراستەی پارێزگاری سلێمانی و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین کرد.

ئەو ناکۆکییەی نێو کۆمەڵگای کوردی لەسەر چەمکی جەندەر راڤەی جیاجیای بۆ دەکرێت، ئیسلامییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە جێندەر پەل دەکێشێت بە " هاورەگەزبای " و ئەمەش بە تێکدانی کۆمەڵگاو دابونەرێت ناوزەد دەکەن، بەڵام رێکخراوەکانی ژنان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە جێندەر ئەو جیاکارییە کۆمەڵایەتییە کە دژی رەگەزی مێینە لە کۆمەڵگادا پیادە دەکرێت. 

لەسەر ئاستی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، جێندەر پێناسەکراوە کە ئاماژەیە بۆ ئەو پەیوەندی و ڕۆڵە کۆمەڵایەتی و بەهایانەی کە کۆمەڵگا بۆ هەردوو رەگەزی ژن و پیاو دیاری دەکات، ئەم ڕۆڵ و پەیوەندی و بەهایانە بەپێی گۆڕانکاری لە شوێن و کات ئەوانیش گۆڕانکاریان بەسەردا دێت، ئەمەش بەهۆی بەیەكداچوون و ئاوێتەبوونی لەگەڵ پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە وەک: ئایین، چینە کۆمەڵایەتییەکان، داب و نەریت، ئەتنی، ژینگە، کولتوور و میدیا. 


لە نوسراوەکەدا ئەنجومەنی پارێزگادا چی هاتووە؟

بەرزان محەمەد ساڵح جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە بری سەرۆکی ئەنجومەن، ئازاد محەمەد ئەمین کە مۆڵەتی هەبووە، نوسراوێک رۆژی ٢٩/١/٢٠٢٣ ئاراستەی پارێزگاری سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان و ئیدارەی راپەڕین دەکات و دەڵێت" هاوپێچ لەگەڵ نوسراوماندا وێنەیەک لە یاداشتی هەریەکە لە لیژنەی تەندروستی و ژینگەو کاروباری کۆمەڵایەتی و یاسا دەنێرین بۆتان سەبارەت بە پرسی ( جێندەر )".

لە نوسراوەکەدا هاتووشە" بفەرموون بە ئاگادارکردنەوەی سەرجەم فەرمانگە حکومیەکان لە ئەنجام نەدان و رێگەنەدان بە هیچ جۆرە چالاکییەکی لەسەر ( جێندەر )  لە ناو بینای فەرمانگەکان کە ئەبێتە هۆی تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگا و مەترسی بۆ سەر گەنجان نەوەکانمان".

نوسراوەکە ئیسلامییەکان ئامادەی دەکەن‌و زۆرینەی واژوەکان ئەندامانی گۆڕانن؟

 بەپێی ئەو ناوانەی لەسەر نوسراوەکەیە، پێنج ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کە سەر بە بزووتنەوەی گۆڕانن، لەگەڵ چوار ئەندامی تر کە سەر بەلایەنە ئیسلامییەکانن ( کۆمەڵ و یەکگرتوو)، واژیان لەسەر ئەو نوسراوە کردووە.

 ئەو ئەندامانەی ناویان لەسەر نوسراوەکە تۆمار کردووە هەریەک لە ( ئەنوەر تاهیر، محەمەد شێخ وهاب، هاوژین ئیسماعیل، دیلمان عەزیز، کەریم عەلی کەریم ) لە گۆڕان و، ( رەمەزان نامیق، میدیا شێخ ئەحمەد، خەدیجە عەبدالجەبار، مەهدی مەحمود ) لە کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتوون.

نوسراوەکە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی پارێزگا دەبێت بە کەناڵەکانی خۆیدا بڕوات و لە لیژنە پەیوەندیدارەکاندا گفتوگۆی لەسەر بکرێت، دواتر ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی پارێزگا بکرێت، ئەوانیش لای خۆیانەوە کۆبوونەی ئەنجومەنی پارێزگای بۆ سازبکەن لە کۆبوونەوەکەشدا دەبێت بە دەنگی زۆرینە پەسەند بکرێت، ئینجا دەبێتە بڕیار، ئەو نوسراوەی جێگری سەرۆکی ئەنجومەن ئاراستەی یەکە ئیداریەکانی سنوری سلێمانی کردووە، بەهیچ جۆرێک بەم قۆناغە پەیڕەویانەی خۆیدا تێنەپەڕیووە.

بەپێی زانیارییەکانی ( سپی ) دەبوایە لیژنەی تەندروستی لەسەر ئەم نامەیەی لەسەر کێشەی ( جێندەرە)، لیژنەکە کۆبوونەوەی بکردایە، دواتر ئاراستەی لیژنەی یاسایی بکرایە، بەڵام رێبوار ئەحمەد بازیانی سەرۆکی لیژنەی تەندروستی بە (سپی) راگەیاند " من هیچ ئاگام لەو نوسراوە نییە".

 بەپێی بەڵگەنامەکانی دەست ماڵپەڕی سپی کەوتووە، جێگری سەرۆکی لیژنەی تەندروستی، میدیا ئەحمەد کە سەر بە لیستی کۆمەڵە بە ناوی لیژنەکەوە نامەی پشتگیری ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەن کردووە.

لیژنەی یاسایش هیچ بڕیارێکی لەسەر ئەو نوسراوە نەداوە، تەنها ئەنوەر تاهیر سەرۆکی لیژنەکە پەراوێزێکی لەسەر نووسیووەو لیژنەکە هیچ گفتوگۆیەکی لەسەر نەکردووە.

لە هەمووشیان گرنگتر، ئەنجومەنی پارێزگاری سلێمانییە کە دەبێت لەسەر ئەم پرسە کۆبێتەوەو بە زۆرینە بڕیاری لەسەر بدات، هیچ جۆرە کۆبوونەوەیەکی لەو چەشنەش سازنەکراوە.

بەرزان محەمەد ساڵح کە لە بری سەرۆکی ئەنجومەن ئازاد محەمەد ئەمین کە مۆڵەت بووە، واژووی لەسەر ئەو نوسراوە کردووەو، ئاراستەی پارێزگار و ئیدارە سەربەخۆکانی پارێزگای سلێمانی کردووە، لە لێدوانێکدا دەڵێت" ئەوە وەک هەر نوسراوێکی تر، تەنها نوسراوێکەو بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی نییە و هیچ کۆبوونەوەیەکەیش لەسەر ئەو پرسە سازنەکراوە".

جێگری سەرۆکی ئەنجومەن جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، جیاوازی نێوان بڕیار و نوسراو زۆرەو دەڵێت" ئەمە تەنها موجەرەد داواکاری کۆمەڵێک ئەندامی ئەنجومەنە و بڕیار نییە".

چاودێران پێیانوایە ئەمە خولێکی تری بەرکەوتنی ئیسلامییەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنین کە پێشبینی دەکرێت لە ئایندەدا لە شوێنێکی تر و بۆنەیەکی تر و فۆرمێکی تر سەرهەڵبداتەوە.


PM:07:37:01/02/2023