بافڵ تاڵەبانی مەرجێكی یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان ئاشكراكرد


بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردن نین، بەڵام پێویستە یاسای هەڵبژاردن هەموار بكرێتەوە و تۆماری دەنگدەرانیش پاكبكرێتەوە.

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە بەغدا  لەگەڵ ئەلینا رۆمانۆسكی، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق كۆبووەوە و دۆخی سیاسی و ئابووری عێراق گفتوگۆی لەبارەوە كرا و جەخت لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كرایەوە.

وەك لە راگەیەنراوی نووسینگەی سەرۆكی یەكێتی هاتووە، بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بە هەنگاوەكانی حیزبەكەی كرد بۆ كۆتاییهێنان بە ناكۆكییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، دەستپێكی قۆناخێكی نوێی سیاسی و، رایگەیاند: "خەڵكەكەمان قوربانیی سەرەكی ناكۆكییەكانن و پێویستە بەزووترین كات كۆتایی بەو دۆخە نەخوازراوە بهێنرێت. دەبێت رێككەوتنێكی یەكجارەكی بكرێت و چارەسەرێكی بنچینەیی بۆ كێشەكان بكرێت، بۆ ئەمەش دەبێت دەستوور خاڵی یەكلاكەرەوە بێت".

لەبارەی دۆخی هەرێمی كوردستانیش، روونیكردەوە "ئامانجی ئێمە دەستەبەركردنی ژیانێكی ئارام و سەقامگیرە بۆ خەڵكەكەمان، هەموو هەوڵێكیش لەو پێناوەدا دەدەین و ژیانی خەڵك لە سەرووی هەموو شتێكەوەیە، پێویستە یاسای هەڵبژاردن هەموار بكرێتەوە و تۆماری دەنگدەرانیش پاكبكرێتەوە".



PM:03:34:02/02/2023