مانگەکانی داهاتوو تەڕ و باراناوی دەبێت


پسپۆرێکی بواری کەشناسی پێشبینی دەکات ئەم مانگەو مانگەکانی بەهار تەڕ و باراناوی دەبێت.

ئاراس جەبار پسپۆری بواری کەشناسی لە راگەیاندنێکدا دەڵێت " زانیاری و پێشبینی سەبارەت بە ئاستی بارانبارین بۆ مانگەکانی داھاتوو تا کۆتای وەرزی بەھار تا ئێستا کە لەناوەندی وەرزی زستانداین بارانبارینی ئەمساڵ تا ئەم کاتە نارێکیەکی لەداشبووندا ھەبووە کە ھەندێ ناوچە بەڕاورد بە ساڵی ڕابردوو چەند ھێندە دابارین زیاتر بووە و بەشێکی زۆری ناوچەکانیش رێژەکە کەمترە".

لە درێژەی نووسینەکەیدا دەشڵێت" دیاردەی لانینا بە شێوەیەکی گشتی لە ئێستادا لە کۆتای سوورەکەیدایە و پێشبینی دەکرێت لەماوەکانی داھاتوودا بۆ ناو وەرزی ھاوین ھەنگاو بەھەنگاو بەرەو ئێل نینۆ بگۆرێت و کاریگەری و دەرەنجامەکانی لەسەرتاسەری کەشوھەوای جیھاندا ببینرێت ، سەبارەت بەو ماوەی وەرزی بارانبارین کە لە ئەمساڵدا ماوە پێشبینیەکان بەم جۆرەن کە لە ئەم مانگە و مانگەکانی وەرزی بەھاردا بارانبارین لەسەرتاسەری ناوچەکانمان لە ئاست تێکرایەکانی بێت و لەناوچەکانی باشور و رۆژھەڵاتی ھەرێم لەسەروو تێکرایەکانەوە بێت کە ئەمەش دڵخۆشکەرە و سات بۆ سات کەشوھەوامان بەرەو باراناویتر ئەبێت لە ناوچەکەدا و بە ویستی خودا مەترسیەکانی وشکە ساڵی کەمتر ئەبنەوە".

 
ئەو کەشناسە پێیوایە" لەگەڵ ڕوودانی دیاردەی ئێل نینۆ لە وەرزی ھاوینی ئەمساڵدا گۆڕانکاری بەسەر کەشوھەوای جیھاندا دێت و دیارە کە لەھەرێمی کوردستان و وڵاتانی ناوچەکەدا لەماوەی سووری ڕوودانی ئەم دیاردەیەدا بەگوێرەی داتا و ئامارەکانی بارانبارین بووەتە ھۆی زۆربوونی باران لەو ساڵانەدا دوو نمونەی نزیکیش وەرزی بارانبارینی ساڵی ٢٠١٥ و ٢٠١٨ یە کە بە رێژەیەکی بەرچاو بارانبارین ھەبوو".

ئاراس جەبار پێشبینی دەکات کە ئەمساڵ و ساڵانی داهاتوو باراناویترین ئەبێت کە پێشبینی دەکرێت لەھاوینی ئەمساڵەوە قۆناغێکی نوێی کەشوھەوا دەستپێبکات دوای سێ ساڵ لە کەمبوونەوەی باران. 



PM:09:08:03/02/2023