شاره‌زایه‌كی بواری كه‌شناسی رایدەگەیەنێت" رۆژی هه‌ینی كه‌شوهەوا له سه‌رجه‌م ناوچه‌كان سه‌قامگیر ده‌بێت و ئاسمان به زۆری ده‌گۆڕێت بۆ ساماڵ".
ئاراس جه‌بار شاره‌زای بواری كه‌شناسی له ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه" له ئه‌نجامی به‌رده‌وامی نزمه‌پاڵه‌په‌ستۆی ده‌ریای ناوه‌ڕاست و بارسته هه‌وای سارد سبه‌ینێ چوارشه‌ممه ئاسمانی هه‌رێم هه‌وری ته‌واو ده‌بێت له‌گه‌ڵ بارینی به‌فر و باران به‌رێژه‌ی كه‌م و پچر پچر له ناوچه جیاجیاكانی سنوری پارێزگای هه‌ولێر و دهۆك و ئیداره‌ی راپه‌رین، له ناوچه‌كانی سنوری پارێزگای سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه باران و به‌فر به‌رێژه‌ی مامناوه‌ند و پچر پچر به‌رده‌وامی ده‌بێت".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه، له سنوری پارێزگای كه‌ركوك و ئیداره‌ی گه‌رمیان له هه‌ندێك كاتدا نمه باران ده‌بێت، پله‌كانی گه‌رما به‌رێژه‌ی دوو تا سێ پله به‌راورد به ئه‌مڕۆ نزمتر ده‌بنه‌وه كه تا ناوه‌ڕاستی هه‌فته‌ی داهاتوو كاریگه‌ری ئه‌م بارسته هه‌وا سارده به‌شێوه‌یه‌كی وشك و سارد له‌سه‌ر ناوچه‌كانمان ده‌مێنێته‌وه.
ئه‌وه‌شیخسته‌ڕوو، تا ئێواره‌ی رۆژی پێنجشه‌ممه به‌گوێره‌ی دواین گۆرانكاریه‌كان ئاسمانی هه‌رێم به نیمچه هه‌وری ده‌مێنێته‌وه، له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی به‌فر و بارانی كه‌م له هه‌ندێك كات و ناوچه‌دا، بۆ رۆژی هه‌ینی كه‌ش له سه‌رجه‌م ناوچه‌كان سه‌قامگیر ده‌بێته‌وه و ئاسمان به زۆری ده‌گۆڕێت بۆ ساماڵ.