دوو تۆمەتبار دەستگیركران كە هەڕەشەیان لە ئافرەتان دەكرد


پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایدەگەیەنێت، دوو تۆمەتباری دەستگیر كردووە كە هەڕەشەیان لە ئافرەتان كردووە.

هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایگەیاندووە، دوای سكاڵای ئافرەتێك بەوەی كە دوو تۆمەتبار هەڕەشەیان لێكردووە، دەستكرا بە لێكۆڵینەوە و لە بۆسەیەكدا هەردوو تۆمەتبار دەستگیركران و لە ئەنجامدا دەركەوت ئەو دوو تۆمەتبارە خەڵكی هەولێرن و لە كاتی دەستگیركرانیان كۆمەڵێك كەلوپەلی پەیوەندیی وەك مۆبایل و نزیكەی شەش ملیۆن دینار و دوو چەك و زیاتر لە بیست مۆبایل و سەدان كارتی مۆبایل و سیمكارتی كۆمپانیا جۆراوجۆرەكانی پەیوەندییان لێ گیراوە.

هۆگر عەزیز روونیكردۆتەوە، لە مۆبایلی ئەو تۆمەتبارانەدا وێنەی چەندین ئافرەت هەبوو كە هەڕەشەیان لێكردوون، بۆیە ئێستا ئاڕاستەی بەردەم دادوەر كراون و لێكۆڵینەوەش بەرەوامە.





PM:01:05:08/02/2023