ئەو ئافرەتەی لەسەر کاری مافیای پارچە پارچەکرا، قۆڵی چەندان کوردیشی بڕیبوو


گۆران دوکانی
بەشێک لە كوردەکانی باشوور بەشداری کۆمپانیاکەی بوون

چیرۆکی ئەو کچە شۆخەی کە گەورەترین فێڵبازی سەدە دەرچوو لەلایەن مافیاکانەوە پارچەپارچەیان کردو دەرخواردی ماسیەکانیاندا!

روجا ئیگنەتوڤا ئەو کچە بەڕەگەز بولگاریەی گەورەترین ساختەکاری سەدەی لێ دەرچوو لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە، دوێنێ لەتازەترین هەواڵدا ئاماژە بەوەکرا کە لەساڵی  ٢٠١٨ەوە کوژراوە.

ڕوجا لە ٣٠ی مەی ١٩٨٠ لەشاری ڕوس لەولاتی 
بولگاریا لەدایک بوە لەتەمەنی ١٠ ساڵیدا لەگەڵ خێزانەکەیدا کۆچ دەکەن بۆ وڵاتی ئەڵمانیا، بڕوانامەی زانکۆی ئۆکسفۆردی بەریتانی بەدەستهێناوەو دواتر لەساڵی ٢٠٠٥دا دکتۆرای لەیاسای نێودەوڵەتی بەدەستهێناوە لەزانکۆی کۆنستانسی ئەڵمانیا.

لەساڵی ٢٠١٤ لەگەڵ سەرەتای ئاشنابونی جیهان بە دراوە دیجیتاڵیەکان Cryptocurrency ئەم خانمە 
کۆمپانیایەکی هەڕەمی پۆنزی وەبەرهێنانی دامەزراند لەشاری سۆفیای پایتەختی بولگاریا بەناوی (وەن کۆین) OneCoin زیاتر لە ٣ ملیۆن بەشداربوو لەسەرانسەری جیهاندا بەشداریان لەپاکێجە جۆراوجۆرەکانی ئەم کۆمپانیایەدا کرد (کە ژمارەیەک لە کوردەکانی باشووریش بەشداری ئەم کۆمپانیایە بون)، بڕی سەرمایەی بەشداربوەکان لەسەرانسەری جیهاندا بەزیاتر لە ٤ ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت، بەپێی وتەی شارەزایانی ئەمنی و دراوە دیجیتاڵیەکان ئەم کۆمپانیایە گەورەترین کۆمپانیای Scam ساختەکاری سەدە بوە!، لە ٢٥ ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ەوە ڕوجا دیارنەماو لە ئینتەرپوڵ و دەزگا جۆراوجۆرەکانی سەپاندنی یاسای نێودەوڵەتی وێنەو ناوی وەک تاوانباری سەدە بڵاوکرایەوە. لەسەرەتای ساڵی ٢٠١٩دا ئەو بە غیابی لەلایەن دادگای فیدڕاڵی ئەمەریکاوە بەفێڵ و دزین و سپیکردنەوەی پارەو ساختەکاری تاوانبارکرا، پۆلیسی فیدراڵی ئەمەریکا FBI بە ١٠ گەورەترین تاوانباری سەدە ناوزەندی کردو بڕی ١٠٠،٠٠٠$ سەد هەزار دۆلاری وەک بەخشی کردە دیاری بۆ ئەو کەسەی زانیاری بدات دەربارەی ڕوجای خاوەنی وەن کۆین.

دوێنێ لەتازەترین هەواڵدا پۆلیسی بولگاریا ئاماژەیان بەوەدا کە ڕوجای خاوەنی کۆمپانیای وەن کۆین لەنۆڤەمبەری ساڵی ٢٠١٨ بەفەرمانی گەورە مافیای ماددە هۆشبەرەکانی بولگاریا هریستۆفۆرس ئاماناتیدیس کە بە "تاکی" ناسراوە کوژراوە. لەئێستادا ئەو مافیا بولگاریە بە تاوانی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان لە زیندانێکی هۆڵەندا ژیان بەسەر دەبات.

بەپێی ڕاپۆرتەکە ڕوجا لەناو یەختێکدا لە دەریای ئایۆنی یۆنان کوژراوەو تەرمەکەی پارچە پارچە کراوەو فڕێدراوەتە دەریاوە. کوشتنەکەی بۆ شاردنەوەی تێوەگلانی خاوەن ماددە هۆشبەرەکان بووە لە فێڵەکەی کۆمپانیای وەن کۆین کەپێشتر ڕوجا کاری لەگەڵدا کردون.
هەرچەند تاکوئێستا بەشێک لەهەواڵەکان ئاماژە بەوەدەکەن کەڕوجا نەکوژراوەو پێدەچێت لەیەکێک لەم وڵاتانە خۆی شاردبێتەوە (بولگاریا، پانەما، مەکسیک، یۆنان، ئیمارات) هاوکات (وەن کۆین) ئەو کۆمپانیایەی کە ڕوجا خاوەندارێتی دەکرد تائێستا دانەخراوەو بەردەوامە لە وەبەرهێنان لەڕێگەی ئۆنلاینەوە، بەلام لەگەڵ ئەوەی ئەمە نوێترین هەواڵە کە دوێنێ لەسەر ڕوجا بڵاوکراوەتەوە بەلام تائێستا بەڕێوبەرانی وەن کۆین هیچ لێدوانێکیان لەو بارەیەوە نەداوە.

لەدوای وەن کۆین چەندین پلاتفۆرمی دیکەی ساختە Scam  لەلایەن دزەکانی ئینتەرنێت و گروپە مافیاکانەوە دروستبون بەناوی وەبەرهێنانی ئۆنلاین لەژێر پەردەی (بازاڕە دارایەکان)دا، بەڵام جیاوازیەکە ئەوەیە خەڵکانی ولاتانی دیکە وەن کۆین بوە وانەیەک و ئەزمونێکی گەورە بۆیان بەلام بەداخەوە خەڵکی کوردستان ئەم هەڵەیان دەبارە کردەوە لەڕێگەی پلاتفۆرمەکانی (پام ـ پی.جی.ئای ـ وایزلینگ ـ ئیمپرۆ سوڵیشن ـ مۆرۆلێکس،...هتد) کە بەپێی زانیاریەکان نزیکەی ١٠٠ ملیۆن دۆلاری خەڵکی کوردستان لەلایەن ئەم پلاتفۆرمانەوە خوراوەو چەندین دۆسیە لەدادگاکانی هەرێمدا تۆمار کراون.

وێنەکە: ڕوجا ئیگنەتۆڤایە لەساڵی ٢٠١٥ دا.



PM:02:09:25/02/2023