دابەزینی نرخی نەوت كێشە بۆ بودجەی عێراق دروست دەكات


بەرپرسێكی عێراقی رایدەگەیەنێت، دابەزینی نرخی نەوت رەنگە كورتهێنانی بودجە بۆ ئاستێكی پێوانەیی بەرز بكاتەوە.

مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژكاری ئابوری سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاندووە، دوو هۆكاری سەرەكی بۆ دابەزینی نرخی نەوت هەیە، یەكەمیان پاشەكشەیەكی ئابووری بەرزە لە وڵاتانی پیشەسازیدا، پاشان  داڕمانی بانكی كە رۆژئاوا پێی كاریگەر دەبێت.

ناوبراو روونیكردۆتەوە، فیدراسیۆنی روسیا وەك لایەنێكی شەڕ لەگەڵ رۆژئاوا دەستیكردووە بە بەبازاڕكردنی نەوتی خۆی بۆ بازاڕەكانی هیندستان و چین و ئاسیا؛ بە ٢٠ دۆلار كەمتر لە نرخی نەوتی جیهانی، كە ئەوەش جۆرێكە لە شەڕی نرخە رانەگەیەندراوەكان.

مەزهەر محەمەد ئاماژەی بەوەكردووە، دابەزینی نرخی نەوت كاریگەری دەبێت لەسەر كورتهێنانی بودجەی عێراق و كورتهێنان فراوانتر دەكات، كە لە ئێستادا بە نزیكەی ٦٣ ترلیۆن دینار خەمڵێندراوە.



PM:03:40:18/03/2023