بارزانی جارێكی دیكە جەخت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردندا لە ئەمساڵدا دەكاتەوە


مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان جارێكی دیكە جەختی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ئەمساڵدا كردەوە.

بارەگای بارزانی لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پێشوازی ژمارەیەكی زۆر لە باڵیۆز و كونسوڵ و نوێنەرایەتیی وڵاتان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی كوردستان كرد.

بارزانی رایگەیاندووە "دەرفەتێكی باش بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەئارادایە و ئیرادە و خواستێكیش دەبیندرێت بۆ ئەوەی كێشەكان بە لێكتێگەییشتن و بە پشتبەستن بە دەستور و لەسەر بنەمای ئەو ڕێككەوتنانە چارەسەر بكرێن كە لەنێوان لایەنە پێكهێنەرەكانی هاوپەیمانێتیی ئیدارەی دەوڵەت بەستراوە".

بارزانی وتویەتی "بۆ ئەوەی شەرعیەت لە هەرێمی كوردستان نەخرێتە ژێر پرسیار پێویستە ئەمساڵ هەڵبژاردن بكرێت، هاوكاری و هەماهەنگییەكی باش لەنێوان تیمە نێودەوڵەتییەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێم هەیە بۆ ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان".

سەبارەت بە مافی پێكهاتەكانیش لە هەڵبژاردنەكاندا، بارزانی روونیكردۆتەوە "نابێت هیچ دەستوەردان لە مافی پێكهاتەكاندا بكرێت، ئیرادە و سیغەیەكی دیاریكراو بەسەر پێكهاتەكانی هەرێم بسەپێندرێت، دەبێت ڕێز لە ئیرادەی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی كوردستان بگیرێت و خودی پێكهاتەكان و ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان هەر سیستەمێك بۆ بەشداریكردنی پێكهاتەكان بە باش بزانن بەلای ئێمەشەوە پەسەند دەبێت".



PM:04:25:18/03/2023