"دەبێت هەرێم داهاتی نانەوتیش رادەستی بەغداد بكات"


پەرلەمانتارێ‌كی عێراق رایدەگەیەنێت، بەپێی پڕۆژە یاسای بودجە، دەبێت هەرێمی كوردستان داهاتی نانەوتیش رادەستی بەغداد بكات.

سۆران عومەر، پەرلەمانتاری لیژنەی ئابوری پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە، لەپرۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ -٢٠٢٤ -٢٠٢٥ دا لە دوو ماددە و نۆ بڕگەو چوار خاڵدا پابەندییەكانی هەرێم و شایستەكانی جێگیركراوە و رایگەیاندووە، یەكەم خاڵی مادەی ١٣ ی پشكی هەرێم لەبەشە بودجە پاكتاوكردنی حساباتی نێوان هەرێم و بەغدایە لەساڵی ٢٠٠٤ تاكو ٢٠٢٢ بۆ هەموو ئەو ساڵانەی بودجە هەبووە.

ناوبراو روونیكردۆتەوە، حكومەتی هەرێم پێویستە پابەند بێت بەتێكڕا رۆژانە ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بكات و لەو بڕە كەمتر نەبێ، مانگانەش وەزارەتی سامانە سروشتیەكان بەڵگەكانی هەناردەكردن تەسلیم بە وەزارەتی نەوتی عێراق دەكات و پەسەند دەكرێ لەلایەن وەزارەت و چاودێری دارایی عێراق بەهەماهەنگی چاودێری دارایی هەرێم. بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە.

سۆران عومەر ئاماژەی بەوەكردووە، هەرێم پابەند دەكرێ داهاتی غەیرە نەوتی تەسلیم بەداهاتی گشتی عێراق بكات بەپێی یاسای ئیداری مالی ئیتحادی و دیوانی چاودێری دارایی عێراق بەهەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم وردبینی داهاتەكان دەكەن.

ئەو پەرلەمانتارەی وتویەتی، وەزارەتی دارایی عێراق دوای جێبەجێكردنی حوكمەكانی ئەم یاسایە واتە ئەوانەی سەرەوە بەشەبودجەی مانگانەی هەرێم دەنێرێ، بەجۆرێك مانگانە وەزارەتی دارایی هەرێم بودجەی پێداچونەوەی مانگانە پێشكەش ژمێریاری وەزارەتی دارایی عێراق دەكات تاكو لەناو حساباتی مانگانەی دەوڵەتی عێراق جێگەی بكرێتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی دیوانی چاودێری دارایی عێراق وردبینی داهاتی نەوتی و نانەوتی و پاكتاوی حساباتی هەردولا دەكات.



PM:05:39:18/03/2023