لە بەهاردا بەفربارین و سەرما دەستپێدەکاتەوە


پسپۆرێکی بواری کەشناسی رایگەیاند" سەرەتای دەستپێکی وەرزی بەهار لە هەرێمی کوردستان بەفر و باران و سەرما دەستپێدەکاتەوە".  
ئاراز جەبار پسپۆری بواری کەشناسی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، لەگەڵ ئەوەی تا نزیک کۆتای ئەم مانگە ناوبەناو بارانبارینەکان لەسەر ناوچەکانی هەرێم بەردەوامی دەبێت، سەرەرای ئەوەی ماوەیەکە کەشوھەوا تا رادەیەک گەرمبووە و ناوچەکە بەرگێکی بەھارەی پۆشیوە".

ئەو پسپۆرە دەشڵێت" لەدواین گۆڕانکاریەکاندا ئەگەر ھەیە سەرەتای مانگی ئایندە وەرزی زستان بۆ ماوەیەک بگەرێتەوە ناوچەکانمان کە بەگوێرەی مۆدێلی GFS ئەمریکی پێشبینی ئەکرێت لەنێوان ١-٤ بۆ ٣-٤-٢٠٢٣ نزمەپاڵەپەستۆیەکی جەمسەری لە باکوری رۆژھەڵاتی ئەوروپاوە بۆ سەرناوچەکانمان درێژببێتەوە کە بارستەھەوایەکی ساردی لەگەڵدا ئەبێت لەگەڵ ئەم نزمەپاڵەپەستۆیەدا شەپۆلێکی سەرما و بەفر بارینیش ناوچە شاخاویەکان ئەگرێتەوە" .

ئاراز جەبار دەشڵێت " ھەرچەندە جێگیر نییە و زیاتر لە ١٢ی رۆژی داھاتوو ئەکات بەڵام مەحاڵ نیە لە باروودۆخی کەشوھەوای ئەمساڵدا بەتایبەت لەماوەکانی دواتری مانگی چواریشدا شەپۆلی سەرما و بەفر بارینمان ھەبێت بەھۆی بەردەوامی لاوازی رەوتی گێژەڵوکەی جەمسەری کە ئەم دیاردەیە ئەبێتە شەپۆلدار بوونی نزمەپاڵەپەستۆی جەمسەری باکور و ئازادبوونی ھەوای ساردەکەی بەرەو پانیەکانی باکور کە لەم ماوەیەشدا وڵاتانی ئەمریکای باکور و بەشێکی ئەوروپا شەپۆلێکی سەرما و بەفر بارینیان بەخۆیەوە بینی".



PM:11:19:18/03/2023