عێراق و ئێران ڕێككەوتنێكی ئەمنییان بۆ پاراستنی سنوورەكان واژۆ كرد

شاندێكی باڵای ئەمنی كۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبوونەوە و ڕێککەوتنێکی ئەمنییان بۆ پاراستنی سنوورەکان و چەسپاندنی هاوکارییە ئەمنییە هاوبەشەکان واژۆ کرد.

نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەمڕۆ محەمەد شیاع سودانی پێشوازی لە عەلی شەمخانی، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران و شاندی یاوەری كردووە و هەردوولا باسیان لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و دۆخی ئەمنی و سیاسی لە سەرانسەری ناوچەکە و ڕێگاکانی بەرزکردنەوەی ئاسایشی ناوچەکە و سەقامگیری ناوچەکە کرد. 

لە کۆبوونەوەکەدا سودانی هەڵوێستی جێگیری وڵاتەکەی دووپاتکردەوە کە دژی بەكارهێنانی خاكی عێراقە بۆ دەستدرێژی كردنە سەر هیچ وڵاتێكی دراوسێ‌ و وتی" بە هەموو شێوەیەك ڕەتی دەكەینەوە عێراق بكرێتە گۆڕەپانی بوونی هێزە چەكدارەكان یان بە ئامانج گرتنیان یان بۆ هەر پێشێلکاری سەروەری عێراق". 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" پێشکەوتنەکانی ڕێککەوتنی لێکتێگەیشتنی ئەم دواییە کە لە نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و شانشینی سعودیە ئەنجام درا پێداچوونەوەی  لەبارەوە بۆ کرا، و سودانی دووپاتی کردەوە کە عێراق پێشوازی لەم ڕێککەوتنە  دەکات و ئامادەی خۆی نیشاندا بۆ دابینکردنی هەر شتێک کە سەقامگیری لە ناوچەكە بەدی بهێنێت". 

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیرانی عێراق لێكتێگەیشتنی ئەمنی هاوبەش لە نێوان هەردوو وڵات واژۆ کرا لە نێوان لایەنی عێراقی قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی لایەنی ئێرانی عەلی شەمخانی كە تێیدا جەختكراوەتەوە لە هەماهەنگی پاراستنی سنوورە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات و چەسپاندنی هاوکاری هاوبەش لە چەند بوارێکی ئەمنیدا. 


PM:04:55:19/03/2023