عێراق و ئێران پرۆتۆكۆلێكی ئەمنییان واژوو كرد


هەردوو وڵاتی عێراق و ئێران پرۆتۆكۆلێكی ئەمنیان بۆ بەهێزكردنی هاوئاهەنگی ئەمنی و پاراستنی سنووری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات واژۆكردووە و بەپێی میدیای ئێرانی "لەمەودوا ئەو لایەنانەی لە نێو هەرێمی كوردستاندا كاری تێكدەرانە دەكەن، رووبەڕووی كارە نابەرپرسیارێتییەكەیان دەبنەوە."
 
نووسینگەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بڵاویكردەوە، بە سەرپەرشتی سەرۆك وەزیران، پرۆتۆكۆلێكی ئەمنی هاوبەش لە نێوان هەردوو وڵات واژۆ كرا كە قاسم ئەعرەجی، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق بە نوێنەرایەتی عێراق و شەمخانییش بە نوێنەرایەتیی ئێران واژۆیان كرد.
 
هەر بەپێی راگەیەنراوەكە، پرۆتۆكۆلەكە پاراستنی سنووری هاوبەشی نێوان دوو وڵات و بەهێزكردنی پێكەوەكاركردنی هاوبەش لە چەندین بواری ئەمنیدا لەخۆدەگرێت.
 
میدیای فەرمی ئێران بڵاوكردەوە، شەمخانی بە سودانی و تیمەكەی راگەیاندووە، هەر تەنگژە و پێكدادانێك لە سنوورەكانی نێوان عێراق و ئێران رووبدات، دەبێتە هۆی تێكچوونی ئاسایش و ئارامی خەڵك و هۆكارە بۆ رێگرتن لە گەشەكردنی شارەكانی سەر سنوور؛ بۆیە پێویستە بە تووندی بەرامبەر هەموو ئەو لایەنانە بوەستنەوە كە دەبنە هۆی دروستبوونی ئەو ئاڵۆزی و پێكدادانانە و نەیانهێڵن.



PM:08:23:19/03/2023