شوێنی دوو ئەندامی كۆمسیۆن پڕدەكرێتەوە


ئەندامی لیژنەی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، تەنیا شوێنی دوو ئەندامی كۆمسیۆن چۆڵن و پێویستیان بە پڕكردنەوەیە.

سارا دڵشاد، ئەندامی لیژنەی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لە پەرلەمانی كوردستان بۆ سایتی فەرمی پارتی راگەیاندووە، دوای نەورۆز رێكارەكانی كاراكردنەوە كۆمسیۆن دەست پێدەكات، كاراكردنەوەی كۆمسیۆنیش لەسەر بنەمای رێككەوتنی پێشووی لایەنە سیاسییەكان دەبێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، پڕكردنەوەی شوێنی كۆمسیاران تەنیا ئەوانە دەگرێتەوە كە شوێنیان چۆڵە، ئێستا سەیاح كورەچی و جوتیار عادل لە شوێنی خۆیان نەماون ‌و دوو ئەندامی دیكە دەستبەكار دەبن.

هەروەها روونیكردۆتەوە، ئەوان وادەیەك بۆ وەرگرتنی سیڤی دیاری دەكەن ‌و ئەو كەسانەی مەرجیان تێدایە دەتوانن سیڤی پێشكەش بكەن، جگە لە پڕكردنەوەی شوێنی ئەو دوو ئەندامەش، ئەگەر لایەنێك بیەوێت لە شوێنی ئەندامێكی دیكەدا گۆڕانكاری بكات ئەوە پێویستی بە رێككەوتن هەیە.



PM:09:38:19/03/2023