کەشناسێکی شارەزا پێشبینییەکانی کەشوهەوای یەکەم ڕۆژی نەورۆزی ڕاگەیاند و دەڵێت" سبەینێ کەشێکی سارد ناوچەکانمان دەگرێتەوە کە پلەکانی گەرماش نزمدەبنەوە".
ئاراس جەبار شارەزای بواری کەشناسی بەیانی ئەمڕۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" سبەینێ سێشەممە ئاسمانی ھەرێم بە زۆری دەگۆرێت بۆ ھەوری تەواو و کەشێکی سارد ناوچەکانمان دەگرێتەوە کە پلەکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ ٤ تا ٥ پلەی سەدی نزمدەبنەوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کاتەکانی نیوەرۆ بە دواوە بارانبارین بەشێوەیەکی زستانی و پچر پچر لە ناوچە جیاجیاکاندا دەستپێدەکاتەوە کە زۆرترین رێژەی باران لەسەر ناوچەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەی راپەرین دەبێت.
دەشڵێت" لە ئەنجامی کاریگەری ئەو بارستە ھەوا ساردەی ھەیە لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکاندا لە بەرزی زیاتر لە ٢٢٠٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریا بەفربارین دەبێت".