ئەو كەسەی دەنگی خۆی كردبوو بە ئافرەت و پارەی وەرگرتبوو دەستگیركرا


لە قەزای كەلار كەسێك دەستگیركراوە كە دەنگۆی خۆی گۆڕیوە بۆ ئافرەت و لەبەرامبەریشدا بەفێڵ پارەی لە ژمارەیەك وەرگرتووە.

موقەدەمی مافپەروەر، عەلی جەمال قەدوری وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان لەڕاگەیەندراوێكدا رایگەیاندووە، دوای ئاگاداركردنەوەی پۆلیسی فریاكەوتن كە كەسێك لەڕێگەی موبایلەوە دەنگی خۆی دەگۆڕێت بەئافرەت و پارەیەكی  زۆری لە خەڵك وەرگرتوە، دوای لێكۆڵینەوە و بەدواداچون مەفرەزەیەكی هاوبەشی  حەرەكاتی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس و مەفرەزەی 104 توانیان تۆمەتبار دەستگیر بكەن كە دانیشتوی ناحییەی ڕزگاری سەر بەقەزای كەلارە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، لەئێستادا كەسێك سەردانی بنكەی پۆلیسی شەهیدانی كردوە بەمەبەستی تۆماركردنی سكاڵا لەدژی تۆمەتبار كە بڕی پێنج ملیۆن دیناری بەفێڵكردن لێی وەرگرتووە كە تۆمەتبار خۆی كردوە بەئافرەت و پارەی لێوەرگرتوە.

بەوتەی پۆلیسی گەرمیان، دوای دەستگیركردنی تۆمەتبار چەندین كەسی تر پەیوەندیان بەپۆلیسەوە كردوە و بەمەستی تۆماركردنی سكاڵا سەردانی بنكەی پۆلیسی شەهیدانی  قەزای كەلار دەكەن، لەئێستادا بنكەی پۆلیسی شەهیدان پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆ كردۆتەوە و بەبڕیاری دادوەرو بەپێی مادەی (456) تۆمەتبار بەندكراوە.



PM:05:11:20/03/2023