راوێژكارێكی یەكێتی: ئەگەر یەكێتی لەم كاتەدا بگەڕێتەوە كۆبوونەوەكانی حكومەت، زیانی زۆری بەردەكەوێت


راوێژكارێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، بەبێ بوونی بەڵێنی كۆنكرێتی و ئەگەر یەكێتی لەم كاتەدا بگەڕێتەوە بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، زیانی زۆری بەردەكەوێت.

هونەرمەند هەردی سەڵاح، راوێژكاری هونەری مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە فەیسبووكی خۆی نووسیویەتی، بەبێ بەڵێنێكی كۆنكریتی و دیكۆمێنت و ئاشكرا بۆ ڕاستكردنەوەی ڕێڕەوی كاری حكومەتایەتی لێرە و لەوێ و بەم كاتەی كە نزیكی هەڵبژاردن دەكەوێ، تیمی یەكێتی بگەڕێتەوە، یەكێتی زیانی زۆری بەردەكەوێ.

ئەوەش لە كاتێكدایە ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان (ماوە درێژكراوە) بە بۆنەی هاتنی جەژنی نەورۆزەوە داوای لە قوباد تابەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران (ماوە درێژكراوە) و تیمی وەزاری یەكێتی نیشتمانی كوردستانی كرد لە دوای كۆتاییهاتنی پشووەكانی نەورۆز بگەڕێنەوە بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، بۆ ئەوەی كێشەكان لە شوێن و پێگەی فەرمی خۆی، گفتوگۆی لەسەر بكرێت و بەیەكەوە كاربكەن لە پێناو خزمەتكردنی زیاتری خەڵكی كوردستان و جێبەجێكردنی كارنامەی كابینەی نۆیەم.

لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا ئەوە دووەمجارە مەسرور بارزانی ئەو داوایە ئاڕاستەی قوباد تاڵەبانی و تیمی یەكێتی دەكات، ئەوەش لە كاتێكدایە ماوەی زیاتر لە پێنج مانگە قوباد تاڵەبانی و تیمی یەكێتی بایكۆتی كۆبوونەوەكانی حكومەتی هەرێمیان كردووە.



PM:05:52:20/03/2023