وەفدێک سەردانی بەغدا دەکات
دوای بڕیاری دادگای فەرەنسا دژی نەوتی هەرێم


دوای دەرچوونی بڕیاری دادگای پاریس لە قازانجی بەغدا و لە دژی تورکیا و هەرێم، وەزارەتی سامانە سروشتیەکان رایگەیاند" بۆ ئەو کێشەیە سەردانی بەغدا دەکەن ".

لە راگەیاندراوێکدا وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێمی ( ماوە بۆ درێژکراوە ) ئاماژە بۆ ئەوە کراوە " حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم چەند مانگەی دواییدا، لە گفتوگۆ و دانوستانی بەردەوامدابووە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و دواجار لە سەر پرسی بودجە و نەوت و گاز، هەردوولا گەیشتوونەتە رێککەوتنی سەرەتایی و لەیەکتێگەیشتنی باش کە لە چوارچێوەی دەستووردا، ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دابین دەکرێن".

هەروەها لە راگەیاندنەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکاندا هاتووە " سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ بەڕێز سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ، لە دوای سەردانی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵیش بۆ هەرێمی کوردستان، جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور کرایەوە".

باس لەوەش دەکات کە بڕیاری دادگای فەرەنسی لە بەرژەوەندی حکومەتی عێراق دژی تورکیا، رێگر نابێت لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکومەتی بەغدا.

راگەیاندنەکە ئاشکرای دەکات " لەم چوارچێوەیەدا، سەردانی بەغدا دەکەینەوە بۆ گفتوگۆ و چارەسەرکردنی بابەتەکانی پەیوەندیدار".

لە کۆتایی راگەیاندنەکەی وەزارەتی سامانە سروشتیەکاند هاتووە " لەمبارەیەوە حکومەتی هەرێم وێڕای دووپاتکردنەوەی هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی لە دەستبەردارنەبوون لە مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان، بەردەوام دەبێت لە پەیوەندییەکانی لە گەل بەغدا تا گەیشتن بە چارەسەری بنەرەتی و یاسایی و دەستووریی".




PM:08:18:25/03/2023