لە كاتێكدا واژوو بۆ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەكرێت لەپەرلەمانی عێراق، بەڵام پارێزگارەكەی دەڵێت عێراق وڵاتێكی "كارتۆنییە"


ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە رایدەگەیەنێت، دەبێت بەهۆی ئەو گەندەڵی و ناشەفافییەتەی لە وڵاتەكە هەیە بە عێراق بوترێت "وڵاتی كارتۆنی"، نەك هەرێمی كوردستان.

ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە بە (كوردستان24)ی مەسرور بارزانی راگەیاندووە، ئەمەریكا و وڵاتانی رۆژئاوا ستەمێكی زۆر لە هەرێمی كوردستان دەكەن، كاتێك بە "وڵاتێكی كارتۆنی" ناوی دەبەن، چونكە وەكو خۆی دەڵێت، بارۆدۆخی سیاسی و ئەمنی چەندین وڵاتی ناوچەكە، لە هی هەرێمی كوردستان خراپترە، بەڵام وڵاتانی رۆژئاوا باسیان لێوە ناكەن.

ناوبراو روونیكردەوە، لە سعودیە پار رێژەی نەوت فروشتن 327 ملیار دۆلار بووە و رێژەی هەژاریش 20٪ە، بۆ دەوڵەتەكانی رۆژئاوا نایەن بڵێن، بۆ رێژەی هەژاری لەو وڵاتە هێندە بەرزە، بۆ داهات شەفاف نییە؟

  • پارێزگاری هەڵەبجە وتویەتی، لە عێراق مەرجەعی سیاسی 'حەوزەی ئایینیە'، من یەك كارەكتەری سیاسی لە عێراق نابینم، دەسەڵات و رۆڵی هەبێت، بەڵام ریشی نەبێت. لەم وڵاتە، ئازادی تاك، دیموكراسی و مافی مرۆڤ نییە، بۆ ئەو گۆڤارە ئەمەریكییە نایەت لەسەر عێراق راپۆرت بنووسێت، پێموایە عێراق كارتۆنییە، نەك هەرێمی كوردستان.

ئەو لێدوانەی پارێزگای هەڵەبجە لە كاتێكدایە سبەینێ پەرلەمانی عێراق كۆببێتەوە و تێیدا بەشێوەیەكی یاسایی، دەنگ بە پارێزگابوونی هەڵەبجە وەك 19یەمین پارێزگای عێراق بدرێت.



PM:01:58:01/04/2023