عەلی عەونی بۆ ستران عەبدوڵا:ئێوە کەرکوکتان تەسلیم کرد

ئەندامێكی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی وەڵامی ستران عەبدوڵا، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی دەداتەوە، پێی دەڵێت: "كەسێك بە خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر و تەسلیمکردن و فرۆشتنی کەرکووک ئیحراج نەبێ، چۆن و بۆ بە نەوت ئیحراج دەبێت”.

عەلی عەونی، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی، لە وەڵامی ئەو ئەندام مەكتەب سیاسییەی یەكێتی، بە میدیایەکی نزیک پارتی راگەیاند: "ئەوان ئەسڵەن تەڕ نابن و ئیحراجیش نابن، چونكە کەی دەردی ئەم کوردستانە دەرد و خەمی ئەوانە؟ ئەو قسەیەش ڕاست نییە و بە پەلەپەلیش تەسلیم نەکراوە، ئەوە 10 ساڵە ئێمە رێککەوتن دەکەین، لە هەموو ئەو سەردەمانە ئەوەی عینادی دەکرد حکوومەتی مالیکی بوو، کە دەیان ویست بە عەنتەری دەست بەسەر داهات و چارەنووسی ئەم میللەتەدا بگرن، چونكە ئێمە بەپێی دەستوور حەقی خۆمانە مومارەسەی مافەکانی خۆمان بکەین".

ئەو ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی، بە ستران و حزبەكەی دەڵێ: "ئێوە کەرکووکتان تەسلیم کرد چیتان بەدەست هێنا، هەتا ئێمە بە قسەی ئێوە بکەین، ئێمە سەرکەوتوو بووین، چونکە هەموو کات ئامادە بووین له دانوستانەکاندا نەرمیی بنوێنین، بەردەوامیش حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای کردووە لایەنی سێیەم چاودێریی دانوستانەکانی بەغدا و هەرێم بکات”.

عەلی عەونی دەشڵێت: "ئەوەیشی کە ئێستا کراوە تەسلیم نەکراوە، بەڵکوو رێک دەکەوین نەوتی کوردستان لەژێر چاودێریی هەرێمی کوردستان، لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆ بفرۆشرێت، هەروەها ئێمە داهاتی خۆمان خەرج دەکەین و عێراق چاودێریی دەکات، ئەوکاتیش گوتوومانە وەرن با شەفاف بین و کێ گومانی هەیە با بێت کۆنتروڵی بکات”.

باسی لەوەشکردووە "ئێستا ئەم رێککەوتنە، کە له بەغدا کراوه، راگەیاندنی یەکێتی دەڵێ بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ رەیان کلدانی دانیشت و ئەم رێککەوتنە کرا، عەبدولستار مەجید دەڵێ دوای سەردانەکەی من و عەلی باپیر رێککەوتنەکە کراوە، لەلایەکی دیکەشەوە شاسوار عەبدولواحید دەڵێت من و سروەی خوشکم ئەو رێککەوتنەمان کرد، هەر لایەنە و ئەم رێککەوتنەی کردووەتە دەستکەوت و سەرکەوتنی خۆی و هەموو شکستەکانیش بۆ پارت دادەنێن".

ئەو بەرپرسەی پارتی جەختی لەوە کردەوە: "ئێمە سیستمێکی باشمان هەیە، راستە بێ کەموکوڕی نییە، بەڵام با بە هەمووان هەوڵ بدەین چاکی بکەین، هاوپەیمانەکانی بەغدا بە هەڵە تێگەیشتبوون و پێیان گوترابوو قسەی یەکەم هی ئەوانە و دەتوانن بڕیارەکان لەسەر کوردستان ئەوان بیدەن، بەڵام نەیانزانی یەکێتی رۆژ بەڕۆژ لە پاشەكشێدایە و بەرەو نەمان دەچێت.”

لەكۆتاییدا، عەلی عەونی بۆ ئەو ئەندام مەكتەب سیاسییەی یەكێتی دەڵێ، كە کەسێک بە خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر و تەسلیمکردن و فرۆشتنی کەرکووک ئیحراج نەبێ چۆن و بۆ بە نەوت ئیحراج دەبێت؟



AM:12:34:02/04/2023