چۆن هێرشە درۆنییەکەی تورکیا لە فڕۆکەخانەی سلێمانی دژی هەسەدە پووچەڵکرایەوە؟

پیلانەکەی تورکیا بۆ هێرشکردنەسەر هەردوو سەرکردەی کوردانی رۆژئاوا ( مەزڵوم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد ) لە شاری سلێمانی، لەلایەن هێزەکانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە سلێمانی پووچەڵکراوەتەوە.

ماوەی چەند رۆژێک بووە هەردوو بەرپرسی رۆژئاوای کوردستان، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات ناسراو بە ( هەسەدە ) و ئیلهام ئەحمەد سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان لە سلێمانی بوون بۆ بینین و کۆبوونەوە لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی و سەرکردەکانی یەکێتی، ئەمەریکاو هێزەکانیان لە سلێمانی ئاگاداری ئەو سەردانەبوون.

بەپێی بەدواداچوون و زانیاریەکانی " سپی " دوای کۆبوونەوە لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی، بڕیاربووە دوای ئەوە رۆژی هەینی بگەرێنەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان، کە لە زۆربەی کاتەکاندا ئەم سەردانانە ئەمەریکییەکان رێکیدەخەن و هەر خۆشیان سەرپەرشتی دەکەن.

بڕیارەکە بەو شێوەیە بووە کە بافڵ تاڵەبانی رۆژی هەینی بە فڕۆکەیەکی تایبەت سەردانی ئیمارات بکات، هەرچی مەزڵوم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد بووە بگەرێنەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان.

بەیانی هەینی ٧ نیسان چەند فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی تورکیا لە ئاسمانی شاری سلێمانی دەسوڕێنەوەو ئاسمانی ئەو شارە بەرنادەن، بەرپرسانی ئەمنی کوردی لە سلێمانی و هێزەکانی ئەمەریکا بە سوڕانەوەی ئەو درۆنانە دەزانن. ئەمەریکییەکان لەسەرچاوە تایبەتەکانی خۆیانەوە دەزانن کە خاوەندارێتی ئەو فڕۆکە درۆنانە دەگەڕێنەوە بۆ تورکیا.

رۆژی هەینی گەشتەکەی بافڵ تاڵەبانی ئەنجام نادرێت، لەبەرئەوەی ئەو فڕۆکە تایبەتەکەی بڕیاربووە گەشتەکەی پێ ئەجام بدات، کەموکوڕیەکی هونەری تێدا بووە، هەرچی مەزوڵوم عەبدی و ئیلهام ئەحمەدە، بڕیاربووە لە رێگای ئەمەریکییەکانەوە بگەڕێنەوە رۆژئاوای کوردستان و پێکەوە لەگەڵ سێ سەربازی ئەمەریکی کە پلەکانیان نەزانراوە دەچنە فڕۆکەخانەی سلێمانی.  

بەپێی بەدواداچوونەکانی " سپی " کە لەچەند سەرچاوەی ئەمنی یەوە دەستی کەوتووە، ئەمەریکیەکان ئەو رۆژە لە رێگای خۆیانەوە چەند جارێک هۆشداری بە تورکیا دەدەن کە چەند سەرباز و ئەفسەری پلەداری ئەمەریکا لە فڕۆکەخانەی سلێمانین، ئەو سەربازە ئەمەریکیانە هاوڕێیەتی مەزڵوم عەبدی و ئیلهام ئەحمەدیان کردووە.

بەپێی هەموو راڤەکان تورکیا دوای ئەوەی ئەو هۆشدارییەی لە ئەمەریکاوە پێدراوە بوێری ئەوەی نەکردووە ئامانجەکە بپێکێت، هەر لەبەرئەوەشە لە دووریەکەی زۆری شوێنی مەزڵوم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد و ئەمەریکییەکان، فڕۆکە درۆنەکانی بۆردومانی شوێنێکی چۆڵیان لە نزیک کارگۆی فڕۆکەخانەکە کردووە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە فڕۆکەی درۆن زۆر کەم ئامانج ناپێکێت و لە زۆربەی زۆری هێرشەکاندا ئامانجەکانیان دەپێکن و ئەگەری هەڵەی زۆر کەمە.

هەموو ئاماژەکان و ئەو زانیاریانەی لەبەردەستە ئەو راستیە ئاشکرا دەکەن کە هۆشداریەکەی ئەمەریکا رێگربووە لە بە ئامانجگرتنی مەزڵوم عەبدی.

دوای رووداوەکە ئەمەریکیەکان بە فڕۆکەی تایبەتی خۆیان مەزڵوم عەبدی و ئیلهام ئەحمەدیان گەیاندۆتەوە رۆژئاوای کوردستان.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ماڵپەڕی " سپی " کەوتووە، ئەمەریکییەکان لە ساڵی ٢٠١٦ ەوە لەشەڕی داعشەوە هۆشداریان بە تورکیا داوە کە بە ئامانجگرتنی مەزڵوم عەبدی " هێلی سورە " لەلای ئەوان، هەربۆیە هەمیشە جموجوڵەکانی مەزڵوم بەبێ ئاگاداری و رێوشوێنی ئەمنی هێزەکانی ئەمەریکا ئەنجام نادرێت.

پاشنیوەڕۆی دوێنێ كاتژمێر ٤:١٨ خولەك فڕۆكەی درۆن هێرشیكردە سەر جێگەیەكی نزیك لە كارگۆی فڕۆكەخانەی سلێمانی و ئەم هێرشە كە هیچ زیانێكی لێنەكەوتەوە، دەنگدانەوەی گەورەی لە نێو حیزب و میدیاكاندا دروستكرد.

 



     


 

PM:08:04:08/04/2023