بە نهێنی وەفدێکی ئەمنی ئێران لە هەرێمی کوردستانە
ئامانج گەمارۆدانی جوڵەی هێزەکانی رۆژهەڵاتە


وەفدێکی ئەمنی کۆماری ئیسلامی ئێران بە نهێنی لە هەرێمە و لەگەڵ بەرپرسانی هەردوو حیزب کۆبوونەوەکانیان بەردەوامە، ئامانج لەسەردانەکەش جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران کە دژی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ماڵپەڕی " سپی " راگەیاند کە چەند رۆژێکە وەفدێکی ئەمنی ئێران بە سەرۆکایەتی بریکاری وەزیری ئیتلاعات لە هەرێمی کوردستانە و لەگەڵ بەرپرسانی پارتی و یەکێتی، مەسرور بارزانی و نێچێرڤان بارزانی و بافڵ تاڵەبانی و بەرهەم ساڵح کۆبوونەوەی جیاجیان ئەنجام داوە.

بەپێی زانیارییەکانی " سپی " ئامانجی سەرەکی ئێران لەو سەردانە پاراستنی سنورەکانی هەرێمی کوردستانە لەگەڵ ئێران و رێگرتنە لە جموجوڵی سەربازی و سیاسی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە لەسەر سنور و، دواتر چەککردنیانە و مامەڵەکردنە لەگەڵیان وەک پەنابەری سیاسی بێ چەک لە هەرێم.

 ئامانجی ئێران لەم سەردانەی بۆ هەرێمی کوردستان، لەبەر رۆشنایی رێککەوتنی ١٩ ی ئازاری ٢٠٢٣ ی نێوان ئێران و عێراقە کە لەسەردانێکی عەلی شەمخانی سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێراندا، لەگەڵ قاسم ئەلعەرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق بە ئامادەبوونی سودانی سەرۆک وەزیر لە بەغدا واژووی رێککەوتنێکی ئەمنیان کرد.

بەپێی ئەو رێککەوتنە کە راگەیاندرا ئامانجی یەکەمی بەرزکردنەوەی ئاسایشی ناوچە سنوورییەکانە لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق، کە تاران دەڵێت هێزە چەکدارە  کوردیەکان مەترسی لەسەر ئاسایشی ئێران دروست دەکەن و ئەو هێزانەی بە " ئاژاوەگێڕ "و دەستی ئەمەریکا و ئیسرائیل ناوزەدیان دەکات.

بەپێی ئەو رێککەوتنە سەرەتا هەردوو لایەنی عێراقی ( بە هەرێمیشەوە) لەگەڵ ئێران سنورەکانی لە دزەکردنی پێشمەرگەو ئەندامانی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دادەخەن، قۆناغی دووەم دەستدەکرێت بە چەککردنی هێزەکانی رۆژهەڵات و رێکخستنیان لە کەمپەکاندا، هاوشێوەی ( موجاهیدینی خەلق لە دیالە لە دوای رووخانی رژێمی سەدام لە ٢٠٢٣دا)و، دواتر گواستنەوەیان بۆ دەرەوەی عێراق و نیشتەجێکردنیان لە وڵاتی سێهەم.

بەپێی زانیارییەکانی " سپی " ئێران  لەدوا هێرشە مووشەکییەکانی سەر هەولێر بە ئامانجگرتنی ماڵی شێخ باز سەرۆکی کۆمپانیای کار لە ٢٢ ی ئازاری ٢٠٢٢دا، دوای ئەو هێرشانەو هەوڵەکانی پارتی بۆ چاککردنی پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئێران، ئەو وڵاتە پەیڕەوی سیاسەتی ( گەرمارۆدانی دیبلۆماسی) لەگەڵ پارتی و هەرێمدا پەیڕەو دەکات و دەیەوێت بە بێ بەکارهێنانی بژاردەی سەربازی هەردوو حیزبی حکومڕانی کوردستان  ( پارتی و یەکێتی ) بخاتە خزمەتی پلانەکانی خۆیەوە لە عێراقدا کە ئەویش وردە وردە دابڕانی هەرێمی کوردستانە لە پاڵپشتی ئەمەریکا و رۆژئاوا.

دەربارەی چاککردنی پەیوەندیەکانی نێوان یەکێتی و پارتی، بەپێی زانیارییەکانی " سپی "، ئامانجی دووەم سەردانی وەفدە ئەمنییەکەی ئێران بووە، رێکخستن و چاککردنی پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی لە چوارچێوەی ستراتیژێکدا کە لەلایەکەوە گەمارۆدان و چەک داماڵین هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە لێبکەوێتەوەو، لەلایەکی ترەوە دابڕانی هەرێم بێت لە پاڵپشتی نێو دەوڵەتی، بەشێکە لە ئامانجی سەردانەی ئەو وەفدەی ئێران.



PM:01:51:13/04/2023