باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق: بە قوڵی نیگەرانیمان ڕاگەیاندووە لە هەوڵەكانی توركیا و ئێران بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی


باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق نیگەرانی وڵاتەكەی بەرامبەر ئۆپەراسیۆن و هێرشەكانی ئێران و توركیا بۆ سەر هەرێمی كوردستان ڕادەگەیەنێت و دەڵیت"هێرشەكانی ئێران و توركیا بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان پێشێلكاریە بۆ سەر سەروەری خاكی عێراق".

ئەلینا ڕۆمانۆڤسكی، باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق، لە میانەی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە شاری سلێمانی رایگەیاندوە "ئێمە نیگەرانین لە دەستێوەردان و كاریگەریەكانی ئێران لە عێراق و هەرێمی كوردستان كە دەبێتە هۆی پێشێلكاری و دەستدرێژی بۆ سەر سەروەری خاكی عێراق، كاتێك ئەم پێشێلكاریانە دەبینین، ئێمە بە توندی سەركۆنەیان دەكەین، بەقوڵیش نیگەرانی خۆمان ڕاگەیاندووە، لە هەوڵەكانی توركیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەسەر وڵاتانی دراوسێ."
 
ڕۆمانۆڤسكی روونیكردۆتەوە كە نیگەرانی ئەوان سەبارەت بە هێرشەكانی توركیا تەنیا بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستا نیە، بەڵكو ئەمەریكا نیگەرانیشە لە هێرشكردنە سەر خاكی سوریا و وتویەتی "ئێمە دژی ئۆپەراسیۆنی سەربازین لە باكوری سوریا كە دەبێتە هۆی مەترسی خستە سەر ئەو دەستكەوتانەی كە لەڕێگەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیەوە دژی داعش بەدەست هاتوون و ژیانی خەڵكی مەدەنی دەخاتە مەترسیەوە."
 

هەروەها وتویەتی "پێویست ناكات بیر لە هێرشی سەربازی بۆ سەر هەرێمی كوردستان بكەنەوە لە جیاتی ئەوە بیر لە هەماهەنگی دوولایەنە لە نێوان هەرێم و عێراق بكەنەوە لەسەر بابەتی بەزاندنی سنور و ئەو كێشانەی لەسەر سنور ڕوودەدەن".




PM:10:30:08/06/2023