لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی ٥٧% بۆ هەولێرو٤٣% سلێمانی
مووچە بە ئارامی دابەشکرا


یەکێتی و پارتی لە حکومەت رێککەوتن کە مووچە سیادی بدرێت و کۆتایی بە دابەشکردنی رێژەی ٥٧% بۆ هەولێر و دهۆک و، رێژەی لە ٤٣% بۆ سلێمانی بهێنرێت، هەر ئەمەش بوو هۆی ئەوەی مووچەی مانگی چواری مووچەخۆرانی سلێمانی بە ئارامی و بێ دواکەوتن دابەشبکرێت.

بەپێی بە دواداچوونەکانی " سپی میدیا " مانگی نیسان مووچەی مووچەخۆرانی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بەبێ کێشە و دواکەوتن و نەبوونی نەختینە، بەرێوەچوو، ئەمەش دوای هەڵوەشانەوەی ئەو شێوازی دابەشکردنە بوو کە بەرێژەی لە ٤٣% ی بۆ سلێمانی و ٥٧% ی بۆ هەولێر و دهۆک بوو.

مانگی رابردوو لە وەزارەتی داراییەوە رێژەی لە ٨٩%  مووچەی سلێمانی دابەشکراوە کە لە کۆی ئەو ٣٦٢ ملیار دینارەی مووچەی سلێمانییە، نزیکەی ٣٢٢ ملیاری وەزارەتی دارایی ناردوویەتی بۆ سلێمانی و، بەم پێیەش سلێمانی تەنها ١١% بەشداری پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی کردووە کە ٤٠ ملیار دینار دەکات، ئەوە لە کاتێکدایە کە بەپێی سایتی شەفافیەت پارێزگای سلێمانی، داهاتی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیداری گەرمیان و راپەڕین، داهاتی مانگی رابردوو ١٠٣ ملیار دینار بووە، واتە لەو داهاتە ٤٠ ملیاری دراوە بۆ مووچە، ئەو دوای داهاتەکەی تر ٦٣ ملیار دینار لەبەردەم ئیدارەی ناوچەکانی سلێمانی و هەڵەبجەدا بووە بۆ فەرمانگەکان و خزمەتگوازرییەکان.

لە ساڵی ٢٠٢١ ەوە کە جارێکی تر هەردوو لایەن یەکێتی و پارتی لە دابەشکردنی داهاتدا گەڕانەوە بۆ ٥٧% بۆ هەولێر و دهۆک و رێژەی ٤٣% بۆ سلێمانی، بە نموونە لەدابەشکردنی مووچەی مانگی ئازاردا سلێمانی، وەزارەتی دارایی ٢٨٩ ملیار و ٥٠٠ ملیۆنی ناردووە بۆ سلێمانی بۆ تەواوکردنی داهاتی سلێمانی بۆ دابەشکردنی مووچە.

حکومەتی بەغدا لە دوای راوەستانی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بۆ هەردوو مانگی نیسان و مایس بە دوو گوژم کە هەریەکەیان ٤٠٠ ملیار دینار بووە، ٨٠٠ ملیار دیناری رەوانەی هەرێم کردووە، بەڵام وەزارەتی دارایی هەمووی بۆ مووچەی مانگی  نیسان خەرجکردووە.



PM:09:33:09/06/2023