ماددەی (١٢)ی بودجەی عێراق چی بۆ مووچەخۆران و خانەنشینانی هەرێم تێدایە؟


بەرپرسێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو بڕگانەی ماددەی 12ی بودجەی عێراق شیدەكاتەوە كە تایبەتە بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.

ئامانج ڕەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێم روونكردنەوە سەبارەت بە ماددەی 12ی بودجەی عێراق دەدات كە شەوی رابردوو پەرلەمانی عێراق پەسەندی كرد و تایبەتە بە مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان.

دەقی روونكردنەوەكە..
ماددەی (١٢) كە دوێنێ پەسەندكرا چی تێدایە بۆ مووچەخۆران وخانەنشینان و پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان؟، و لە كەیەوە دەكەوێتە بواری جێبەجێكردن؟، چۆن مقاصە دەكرێت بۆ مانگەكانی ڕابووردوو؟ 

بە گوێرەی بڕگەی دووەم لە ماددەی ١٢ ی یاسای بودجە كە دوێنێ ئەو ماددەیە پەسەندكرا، تەرخانكراویی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان وپێشمەرگەی هەرێم لە بودجەی عێراق بۆ تەواوی ساڵی ٢٠٢٣ دەكاتە (١٠ ترلیۆن و ٨٦٧ ملیار دینار)، ومانگانە دەكاتە بڕی ٩٠٦ ملیار دینار، ئەمە لە حاڵەتێكدا ئەگەر تەواوی بەشە بودجەی هەرێم لە لایەن بەغداوە ڕەوانە بكرێت وهەرێم پابەندییەكانی خۆی جێبەجێ بكات، و بەم شێوەیە:
١- بڕی ٩ ترلیۆن و ٣٠٠ ملیار لە چوارچێوەی (النفقات الجاریە) بۆ مووچەی ٦٨١ هەزار و ٩٧٩ فەرمانبەری هەرێم تەرخانكراوە كە مانگانە دەكاتە ٧٧٥ ملیار دینار.
٢- بەپێی مادەی (١٠/ دووەم) و مادەی (١١/ دووەم-ه)، بڕی ١ ترلیۆن و ٣٤٦ ملیار دینار وەك خەرجیی مووچەی خانەنشینی بۆ هەرێم تەرخانكراوە كە لە مانگێكدا دەكاتە بڕی ١١٢ ملیار دینار كە ئەمەیان بەراورد بە ساڵی ٢٠٢١ كەمی كردووە بە بڕی ٥٥٥ ملیار دینار.
٣- مووچەی پێشمەرگە:
٢٢٨ ملیار و ٣٠٤ ملیۆن دینار وەك بەشی هەرێمی كوردستان بۆ یەك ساڵ لە تەرخانكراوی وەزارەتی بەرگری بۆ مووچەی پێشمەرگە تەرخانكراوە لە چوارچێوەی خەرجی سیادیی، كە مانگانە دەكاتە ١٩ ملیار دینار مانگانە، كە ئەم بڕگەیە  لە ڕووی قانونیشەوە دان پێدانانە بەوەی كە پێشمەرگە دامەزراوەیەكی بەرگریە.
تەمویلی مووچەی مانگی ٤ لە لایەن وەزارەتی دارایی هەرێم ٩١٢ ملیار دینار بووە، بۆیە ئەگەر مانگانە شایستەی دارایی مووچەخۆران و خانەنشینان و پێشمەرگە ١٠٠٪ لە لایەن بەغداوە خەرج بكرێت، لە سەرتاسەری هەرێم عجزێكی زۆر كەم بە بڕی ٧ ملیار دینار دروست دەبێت مانگانە كە پڕكردنەوەی بە داهاتی ناوخۆ ئاسانە. 
و لە بڕگەی نۆیەم لە ماددەی ١ لە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدڕاڵیی ژمارە ٦ ساڵی ٢٠١٩ و هەروەها ماددەی ٦٦ ی یاسای بودجە هاتوە كە یاسای بودجەكە لە ١-١-٢٠٢٣ ەوە جێبەجێ دەكرێت نەك لە ڕۆژی بڵاوكردنەوەی یاساكە لە وەقایعی عێراقی، واتە یاسای بودجە (أپر رجعی) هەیە .
بەم شێوەیە، هەرێم تەنها بۆ مووچە شایەنی پێدانی٩٠٦ ملیار دینارە مانگانە لە ١-١-٢٠٢٣ەوە بەڵام ئەوەش دوای داشكاندنی ئەمانەی خوارەوە لەم ٩٠٦ ملیار دینارە:
- داهاتی بەدەستهاتووی نەوت  ١-١-٢٠٢٣ ەوە  تا ڕۆژی ٢٥-٣-٢٠٢٣ كە ڕۆژی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمە.
- نیوەی داهاتی دەروازە سنووریەكانی هەرێم لە ١-١-٢٠٢٣ەوە.
-  ئەو ٨٠٠ ملیار دینارەی بە شێوازی قەرز تا ئێستا لە لایەن بانكەكانی (تی بی ئای، ڕەشید، ڕافیدەین) بۆ هەرێم خەرجكراوە. 
- قیستەكانی بانكی تی بی ئای  لە ١-١-٢٠٢٣ ەوە.



PM:02:29:10/06/2023