راوێژكارێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە "ناڕاستەوخۆ" هێرشێكی توند دەكاتە سەر پارتی


راوێژكارێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە "ناڕاستەوخۆ" هێرش دەكاتە سەر پارتی دیموكراتی كوردستان و دەڵێت "بەس دەبینن یەكێتی لەو سەربانی غروریە دەیهێنێتە خوار"

هونەرمەند هەردی سەڵاح، راوێژكاری مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاندووە "هەموو هێزی ئەو لایەنەی كە بە تاكڕەوانە دەیەوێ هەموو شتێكی بۆ بچێتەسەر یەك شتە ، ئەویش پارە و سامانی ئەو میللەتەیە كەوتۆتە دەستی".

ناوبراو روونیكردۆتەوە "بەو پارەی خەڵكی كوردستان كورسیەكانی خۆی داتاشیوە و  سوننەكانی پێ كڕیوە و پەیوەندی گەورەی پێ دروستكردووە  هەر بەو هێزی پارەی ئەو میللەتەشە وایكردووە زۆر شتی بۆ بچێتەسەر".

هەردی سەڵاح ئاماژەی بەوەداوە "باوەڕ بكەن مەرحەبای دوەلی جیران و دنیاش ئەو نەوت و پارەی میللەت نەبایە، هەر وەك جاران دەبوو چاوەڕوانی یەك مۆزەفی منەزەمەكان بكەن بیان بینێ، بەس پارەی ئەو میللەتە وای لێكردن، بڕۆن دیراسە بكەن پەیوەندیەكانیان پێش نەوت و دوای نەوت".

ئەو راوێژكارەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی وتویەتی "بەس دەبینن یەكێتی لەو سەربانی غروریە دەیهێنێتە خوار ( نەوت تەسلیم كردن، هەڵبژاردن، مووچەی سلێمانی، فرە بازنەیی ، ئێستاش لە بودجە )ئەوانەی بەزۆر و ناچاری پێ چەسپاند، قۆناغ قۆناغ، سەبر سەبر شتی تریش دەبینن".



PM:06:36:10/06/2023