كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا دەستی پێنەكرد

كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا دەستی پێنەكرد و تا ئێستاش سەرۆكایەتی پەرلەمان هیچ بڕیارێكی نەداوە و ناكۆكییەكانیش لەسەر چەند بڕگە و ماددەیەكی بودجە بەردەوامن.

شەوی ڕابردوو بەهۆی ناكۆكی بەشێك لە كوتلە پەرلەمانییەكانەوە، كۆبوونەوەی پەرلەمان ڕاگیرا و بڕیار بوو ئەمڕۆ شەممە ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٣ كاتژمێر ٥ی عەسر دەستپێبكاتەوە، بەڵام ئەو وادەیە یەک كاتژمێر زیاتر لایداوە و تا ئێستا كۆبوونەوە دەستی پێ‌ نەكردووە.

بەپێی زانیارییەکان سەرباری ناکۆیەکانی پەشێک لە کوتلە پەرلەمانییەکان، ڕێژەی یاسایش تا ئێستا ئامادەی کۆبونەوەکان نەبوون.

سەرچاوەیەك لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، "ژمارەیەكی زۆر كەم لە پەرلەمانتاران لە ئێستادا لە پەرلەمان ئامادەن و هیچ وادەیەكیش لەلایەن سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە بۆ كۆبوونەوە دیاری نەكراوە".

وتیشی، "بڕیاربوو كاتژمێر٥ كۆبوونەوە دەستپێبكات، بەڵام بەهۆی ڕێكنەكەوتن لەسەر بڕگە و ماددەكانی بودجە بەتایبەت ماددەی ١٤، كە تێیدا باسی پشكی سەربەخۆی پارێزگاكان كراوە لەحاڵەتی بوونی نادادپەروەری لە دابەشكردنی داهات و هەروەها پاشەكەوتی مووچە، بۆیە تا ئێستا كاتی كۆبوونەوە دیاری نەكراوە”.

بە وتەی سەرچاوەكە، لە ئێستادا كۆبوونەوە هەیە لەنێوان نوێنەرانی یەكێتی و پارتی (خالید شوانی و فوئاد حسێن) بۆ ڕێككەوتن لەسەر ناكۆكییەكان.


PM:06:46:10/06/2023