رای مالكی سەبارەت بە ناردنی مووچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم ئاشكرابوو


نوری مالیكی، سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا رایدەگەیەنێت، پاڵپشتی لە حكومەتی عێراق دەكەن بۆ ناردنی پارە بۆ هەرێمی كوردستان.

نوری مالكی، سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا دوای كۆبونەوەی لەگەڵ شاندی باڵای هەرێمی كوردستان، بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، هاوبەشی راستەقینە و ستراتیژی راستەقینە بۆ كۆی پرسە هاوبەشەكان لەنێوان بەغدا و هەولێر گرنگن، هەروەها بۆ ئەوان گرنگە گەلی عێراق لەسەرجەم ناوچەكانی عێراقدا لەسەقامگیریدا بژین.

مالكی وتی "پێویستە هەمو عێراقیەكان سود لە سامانی وڵاتەكەیان وەربگرن، لەو باوەڕەشدا نیم كێشەیەكی وا هەبێت چارەسەركردنی مەحاڵ بێت لەنێوان هەرێم و بەغدا، ئێمە گەشبینین بەكۆبونەوەكانی سەرۆك وەزیرانی هەرێم و سەرۆك وەزیرانی عێراق كە دەگەنە چارەسەرێكی ریشەیی بۆ هەمو كێشەكان".

هەروەها روونیكردەوە "ئێمە پشتیوانی لە حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێم دەكەین پشتیوانی بۆ ناردنی پارە بۆ هەرێمی كوردستان، رێكەوتنەكانیش جێبەجێدەكرێن چونكە ئەو رێكەوتنانە بۆ جێبەجێكردن كراون نەك نەك بخرێنە ناو رەفەی جامخانەكانەوە، ئەگەر ئاڵۆزیەكیش لە شوێنێك هەبێـت بەگفتوگۆ چارەسەر دەكرێـت".



PM:09:20:14/09/2023