تیروپشكی ژمارەی كاندید و پارتەكان بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاكانی عێراق ئاشكرا دەكرێت


وا بڕیارە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لەشاری بەغداد تیروپشكی ژمارەی كاندید و لیستی پارت و هاوپەیمانییەكان دەست پێبكات.

جومانە غەلای، ئەندامی تیمی راگەیاندنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان رایگەیاندووە، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە هۆتێل مەنسور دەست بە تیروپشكی ژمارەی كاندید و پارت وهاوپەیمانییەكان دەكرێت بۆ ئەوەی ژمارەی هەڵبژاردنیان پێبدرێت بۆ بەشداریكردن لە پرۆسەی هەڵبژاردنەكان.

غەلای ئاماژەی بەوەكردووە، زیاتر لە شەش هەزار كەس لەڕێگەی ٢٩ لایەنی سیاسییەوە كە خۆی لە ١٣٤ لیستدا دەبینێتەوە تێیدا كاندیدكراون بۆ كورسی گشتی و پێكهاتەكان.

جومانە وتویەتی "سەبارەت بە هاوپەیمانییەكان، ٣٩ هاوپەیمانی لەچوارچێوەی ١٣٤ لیست بەشداری هەڵبژاردنەكان دەكەن".

هەروەها روونیكردەوە، پاش ئەوەی دەستەی كۆمسیاران ناوی كاندیدەكان پەسەند دەكەن و دواتر وادەی دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ كاندیدەكان دیاری دەكرێت.



PM:03:02:16/09/2023