بەرهەمی ئەمساڵی خورمای عێراق روو لەزیادبوون دەكات و وەزارەتی كشتوكاڵ پشكنینی تەندروستی رووەكی بۆ ئەنجام دەدات تا دواتر كاری هەناردەكردنی دەست پێبكات.
مەهدی قەیسی، راوێژكاری وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە، پێشبینی دەكرێت بەرهەمی خورما روو لەزیادبوون بكات، چونكە لەمساڵدا چەند رێكارێكیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی قرتێنەرە كشوتكاڵییەكان گرتووەتەبەر.
قەیسی روونیكردۆتەوە، وەزارەتی كشتوكاڵ پرۆسەی كڕین و بەبازاڕكردن و هەناردەكردنی خورمای عێراقی سپاردوە بە كەرتی تایبەت، ئەو كۆمپانیانانەی خاوەنی مۆڵەتی حكومین دەتوانن خورما هەناردە بكەن.
هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە، وەزارەتەكەیان هەڵدەستێت بە پشكنینی خورما بۆ ئەوەی بزانرێت لە روی تەندروستی رووەكییەوە گونجاوە بۆ هەناردەكردن یاخود نا، دواتر لە بەرێوەبەرایەتی خۆپارێزی بەروبومە كشتوكاڵییەكان مۆڵەتی هەناردەكردن بە بەرهەمی خورماكە دەدرێت.