پارتی: رێککەوتن لە نێوان هەرێم و بەغدا کراوە ناکرێت هەموو مانگێک بیانوو بگرن و مووچە نەنێرن

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە  پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات کە رێککەوتن لە نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق ھەیە بۆ ئەوەی مانگانە مووچەی فەرمانبەران رەوانە بکەن و دەڵێت" ناکرێت ھەموو مانگێک بیانوویەک بە ھەرێمی کوردستان بگرن و مووچە نەنێرن".

ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە  پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمی حزبەکەی راگەیاندووە" "رێککەوتن لە نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق ھەیە بۆ ئەوەی مانگانە مووچەی فەرمانبەران رەوانە بکەن و لێکتێگەیشتنیش لەنێوان ھەردوولا کراوە و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەرکی خۆی جێبەجێ کردووە و پابەندی رێککەوتنەکە بووە، بەڵام حکوومەتی عێراق پابەندی رێککەوتنەکە نییە و ھەر جارەو بیانوویەک دەدۆزنەوە، جارێک باسی وردبینی دەکەن و جارێک باسی نەناردنی لیستی ناوەکان دەکەن و ئێستاش وەزارەتی دارایی عێراق باسی نەبوونی سیولە دەکات، بۆیە ئەمە ھەمووی وا دەکات ناردنی مووچە دوابکەوێت و زەرەرمەندی یەکەمیش فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستانن".

جەتیش لەوە دەکاتەوە کە  پێویستە حکوومەتی عێراق پابەندی رێککەوتن لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بێت و مووچە لە کاتی خۆیدا رەوانە بکات، چونکە ناکرێت ھەموو مانگێک بیانوویەک بە ھەرێمی کوردستان بگرن.

"رێککەوتنێکی سەرەتایی لەنێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ پڕۆژەی ھەژمای من لەگەڵ بانکی (تی بی ئای) ھەیە و ھەندێک رێکاری تەکنیکی ماون، بۆیە ھیوادارین ئەوەش کۆتایی بێت و یەکلا بکرێتەوە، بۆ ئەوەی بیانووی ئەوەش نەمێنێت کە داوا دەکرێت پێویستە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان تەوتین بکرێت، بۆیە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ھەوڵی بەردەوامدایە ئەو پرسەش یەکلا بکاتەوە و ھیچ بیانوویەک بۆ بەغدا نەمێنێت و کێشەی مووچە بە تەواوی چارەسەر بکرێت".( سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی وتی).

ڤیان سەبری دەشڵێت " داواکارین حکوومەتی عێراق ناردنی مووچەی فەرمانبەران بکاتە ئەولەویەتی کارەکانی و مانگانە لە کاتی خۆیدا مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان رەوانە بکات، چونکە ناکرێت ھەر مانگێک بیانوویەک بە ھەرێمی کوردستان بگرن و ناردنی مووچەی فەرمانبەران دوابکەوێت، لەبەر ئەوەی ئێستا مانگی پێنجە و هێشتا مووچەی مانگی چوار رەوانە نەکراوە".



PM:06:46:13/05/2024