پارتی: لە بەغداوە رێگری لە جێبەجێکردنی شەنگاڵ دەگیرێت

پارتی دیموکراتی کوردستان بەغداوە بەڕێگری لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنامەی شەنگالی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق ناوزەد ەکات و، دەڵێت "، ڕێگرییەکان لەلایەن ئەو هێزانەوە دەکرێت کە خاوەن دەسەڵاتی سیاسی و سەربازین".

نەوزاد هادی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ڕێککەوتنی شەنگال لە نێوان حکومەتی هەرێم و عێراق ئەنجامدراوە و حکومەت خاوەن دەسەڵاتە، بەڵام کۆمەڵێک ناوەندی بڕیار لە عێراق هەن و ڕێگری دەکەن."

ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی دەشڵێت  "بەپێی ڕێککەوتنی شەنگال، دەبێت هەموو هێزە چەکدارەکان دەربچن و دەسەڵاتی سەربازی ناو شار ڕادەستی پۆلیسی خۆجێی بکرێت."

نەوزاد هادی وتی،"ڕێککەوتنامەی شەنگال لە نێوان هەرێم و عێراق و بە ڕەزامەندی یۆنامی و هاوپەیمانان ئەنجامدراوە، دەبێت دەسەڵات ڕادەستی پۆلیسی خۆجێی بکرێت و ئاوارەکانیش قەرەبوو بکرێنەوە."

ئەو وتیشی،"ڕێککەوتنامەکە سیاسی نییە بەقەدەر ئەوەی لەبەرژەوەندی خەڵکی شەنگالە، بەڵام تا ئێستا ڕێگری هەیە لە جێبەجێکردنی."

لە مانگی ١٠ ی ساڵی ٢٠٢٠، ڕێککەوتنانەی شەنگال لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، بەسەرۆکایەتی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق ئەنجامدرا.



AM:12:19:18/05/2024