ئەمڕۆ سێشەممە سەرۆکی پێشووی پارتی گەلی کۆماری تورکیا سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە، کە سزای ٤٢ ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێندراوە، کرد.
کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پێشووی جەهەپە دوای دیدارەکەی لەگەڵ دەمیرتاش ڕایگەیاند" دەمیرتاش لە نزیکەوە چاودێریی سیاسەتی تورکیا و جیهان دەکات، بەڕێز دەمیرتاش، پێشەنگی سیاسەتی سڤیلە. حەزدەکات هەمووان لە تورکیا بە ئاسوودەی و بەختەوەری بژین."
سەرۆکی پێشووی جەهەپە لەبارەی ئەو سزای زیندانییەی بۆ دەمیرتاش دەرکراوە، وتی" دەمیرتاش، ئەگەر لە دەرەوە بووایە، بەردەم سیاسەتی سڤیل زۆر باشتر واڵا دەبوو و دڵنیاشم کۆتایی بە رووداوەکانی تیرۆر دەهێنا. هەر بۆیە هەرگیز دەستبەسەرکرانی بەڕێز دەمیرتاش بە راست نازانم".
کڵچدارئۆغڵو وتیشی" ئەرکی ئێمە ئەوەیە زمانێکی سیاسی نوێ لە تورکیادا بهێنینە ئاراوە و بە کارێکی دروستی نازانم دەمیرتاش لە زینداندا بێت"، هەروەها جەختیکردەوە کە مەرجی بنەڕەتی ئاسایی بوونەوەی تورکیا" بە دیموکراسیبوونی ئەو وڵاتەیە".
رۆژی ١٦ی ئایاری ٢٠٢٤ دادگای تورکیا سزای ٤٢ ساڵ زیندانیی بەسەر دەمیرتاشدا سەپاند کە لە دۆسیەی کۆبانێدا تۆمەتبار کرابوو، و هەر لەو دۆسیەیەدا فیگەن یوکسەکداغ هاوسەۆکی پێشووتری هەدەپە بە ٣٠ ساڵ و ئەحمەد تورک، هاوسەرۆکی گەورە شارەوانیی مێردینش بە ١٠ ساڵ زیندانیکردن سزا دران.