بەرپرسی لقی پارتی لە سلێمانی ڕایگەیاند" بەو گۆڕانکارییانەی لە میکانیزمی هەڵبژاردندا کراون، پارتی بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا دەکات"، و لێپرسراوی مەڵبەندی یەکێتیش دەڵێت" چاوەڕیی سەرۆکایەتی هەرێمن ڕۆژی هەڵبژاردن دیاری بکات".
ئەمڕۆ یەکشەممە ٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ ئاری هەرسین، بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانی هابەشی لەگەڵ زیاد جەبار، لێپرسراوی مەڵبەندی یەکێتیدا، سەبارەت بە بەشداریکردنی پارتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا ڕایگەیاند" پارتی هەمیشە ئامادە بووە بۆ هەڵبژاردن، بەڵام تێبینی هەبووە لەسەر میکانیزمەکانی، ئێستا بەو گۆڕانکارییانەی کە کراون، پارتی بەشداری لە هەڵبژاردندا دەکات".
ئاری هەرسین وتیشی" ئێمە و یەکێتی دوژمنی یەکتر نین، بەڵکو ڕکابەری یەکترین، لقی پارتی و مەڵبەندی یەکێتی لە پاڵ یەکە ئیدارییەکاندا بەرپرسین لە دروستکردنی کەشێکی ئارام لە سلێمانیدا".
لای خۆشیەوە زیاد جەبار لێپرسراوی مەڵبەندی یەکێتی ڕایگەیاند" وەکو یەکێتی داوا دەکەین لە زووترین کاتدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت و چاوەڕیی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەکەن، بۆ ئەوەی ڕۆژێک بۆ هەڵبژاردن دیاری بکات".
بە پێی ئەو وادەیەی پێشتر دیاری کراوبوو، ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو دەبێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، بەڵام هەموولایەنەکان دڵنیان لە دواخستنی و چاوەڕیی سەرۆکایەتی هەرێم دەکەن، ڕۆژێکی دیکە بۆ هەڵبژاردن دیاری بکات.